هه‌ڵوێستى یه‌كێتى له‌سه‌ر پێدانى جێگرى دووه‌مى په‌رله‌مان به‌ پێكهاته‌كان

هەواڵ / کوردستانی :: 05/02/2019‌ :: 742‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وته‌بێژى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت: پێمانباشه‌ جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بدرێته‌ پێكهاته‌كانى هه‌رێم، وته‌بێژى یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "پێدانى ئه‌و پۆسته‌ له‌رێكکه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتیدا نییه‌".

(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ى شوباتى 2019) هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام دواتر له‌ دوو کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى جیادا، ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن ئاشكراكرد.

به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى، له‌ 18ى شوباتدا په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى دیاریده‌كرێت، هه‌روه‌ها هه‌مان رۆژ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌كرێت و پارتى و یه‌كێتى به‌رێككه‌وتن پارێزگارى كه‌ركوك دیاریده‌کەن، هاوكات هه‌ردوولایان رێككه‌وتنێكى نوێ داده‌ڕێژنه‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژى پارتى راگه‌یاند: پارتى پێیباشه‌ جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ پێكهاته‌كانى هه‌رێم بدرێت.

له‌باره‌ى ئه‌و نیازه‌ى پارتى، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێدانى ئه‌و پۆسته‌ به‌ پێكهاته‌كان له‌ رێككه‌وتنامه‌ى یه‌كێتى و پارتى بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كاندا نییه‌.

وتیشى: "یه‌كێتى هێڵى سورى له‌سه‌ر هیچ لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌ك نییه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت".

هه‌ردوو پێكهاته‌ى توركمان و كلد و ئاشور، كه‌ به‌سیستمى كۆتا 10 كورسیان له‌په‌رله‌مانى كوردستان هه‌یه‌ و به‌پێى ئه‌و پاكێجه‌شى بۆ به‌شداریكردنى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت ئاماده‌یانكردووه‌، هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌ داواده‌كه‌ن جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێم و په‌رله‌مانیان پێبدرێت.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى یه‌كێتى و پارتى به‌ جیا كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا، سه‌عدى پیره‌ وتى: "ئێمه‌ نیازمان نه‌بوو كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجامبده‌ین، به‌ڵام دواتر كاك مه‌حمود محه‌مه‌د پێیوتم كه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ په‌یوه‌ندى زۆرى پێوه‌ده‌كرێت و پێیباشبوو كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌یه‌كتر دووربووین، بۆیه‌ به‌جیا كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیمان ئه‌نجامداوه‌ و ئه‌وه‌شى رامانگه‌یاندووه‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووه‌".

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure