پارتی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌دیلی رێككه‌وتنی ستراتیژی ئاماده‌ده‌كه‌ین

هەواڵ / کوردستانی :: 05/02/2019‌ :: 540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

وتەبێژی پارتی رایگەیاند: بەپێی رێککەوتنەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و دەڵێت: "له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌ستده‌كرێت بە گفتوگۆكردن لەسەر‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتیی، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌دیلی رێككه‌وتنی ستراتیژی".


له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا مه‌حمود محمه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ی شوباتى 2019) رایگه‌یاند: لە یەکەم کۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی کوردستاندا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و پارتی بە باشیدەزانێت جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان بێت.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی پارێزگاکە دەکرێت و دواتر پارێزگار وەک جارانی پێشوو بەپێی رێککەوتن هەڵدەبژێردرێت.

له‌باره‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشەوە، ناوبراو باسی له‌وه‌كرد: دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رێككاره‌كانی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامده‌درێت.

روونیشیكرده‌وه‌: له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌ستده‌كرێت بە گفتوگۆكردن لەسەر‌ رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتیی، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌دیلی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان.

وتیشی: "له‌سه‌ر كارنامه‌ی حكومه‌ت وابڕیاره‌ پارتی و یه‌كێتیی و گۆڕان كۆببنه‌وه‌".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure