ئەم هەفتەیە زەوی چی بەسەرهات؟

هەواڵ / زانست :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 3490‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

كەش و هەوای ئەم ڕۆژانە بەلاتەوە چۆنە؟ دیارە باكوری ئەفریقیا و وڵاتانی كەنداو كێشەی زۆریان نییە، بەڵام وڵاتانی وەكو لوبنان و سوریا و ئوردن و فەڵەستین كەش و هەواكە بە جۆرێك سەختە كە هەندێك جار مرۆڤ بەرگەی ناگرێت. سەرما پلەی پێوانەیی تۆماركرد و بەفر لە زۆر شوێن باری و هەندێك حكومەت باری نائاسایی ڕاگەیاند و چەند بەندەرێك داخران لە ئاكامی ئەو زریانە جەمسەرییە ساردەی كە دوو هەفتە لەمەو پێش گەیشتە چوار دەوری خۆرهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست. 


دۆخەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و كەنەدا و ئەوروپادا زۆر سەختتر بوو بەڕادەیەك كە دەگوترێت لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا ناوچەكە سەرمای وای بە خۆیەوە نەدیوە.  
چەندین قوتابخانە داخران و سەدان گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە و لە هەندێك شوێندا پلەی گەرما كە ڕاستتر وایە پێی بگوترێت پلەی سەرما گەیشتە 40 پلەی ژێر سفر. ئەم كەش و هەوا مێژووییە ژیانی 200 ملیۆن مرۆڤی خستە مەترسییەوە و تەنیا لە چل ڕۆژی ڕابردوودا 17 كەس ڕەق بونەوە . بەفر بارین ڕووبار و ماڵ و دەشت و كێوەكانی بەست . 

لایەكەی تری جیهان 

ئێستا با بڕۆین بۆ لایەكی تری هەسارەی زەوی لەو پەڕی باشوردا. لەوێ نووسینگەی كەشناسی ئوستورالیا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاند مانگی كانوونی دووەمی ڕابردوو ژمارەیەكی پێوانەیی لە گەرمادا تۆمار كرد و ڕەنگە لە مێژووی ئوستورالیا گەرمترین مانگ بووبێت بە جۆرێكە كە لە هەندێك ناوچەدا پلەی گەرما گەیشتە 49.5 پلەی سەدی و زۆربەی ڕۆژەكان لەو مانگەدا سەرو 40 پلە بووە ، واتە لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردوودا جیاوازی پلەی گەرما لە نێوان باكوری ئەمریكا و ئوستورالیا 100 پلە بووە.

هەر لەم وەرزەدا زۆربەی ناوچەكانی ئوستورالیا قەیرانی وشكە ساڵیان توش هات و ڕێژەی باران بارین تەنیا %20ی جاران بوو. لەم كەش و هەوا گەرم و وشكەدا زۆربەی ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون. هاوڵاتییان ناچاربوون لە ماڵ نەچنە دەرەوە، زۆر قوتابخانە و دام و دەزگا داخران و لە هەمووشی خراپتر ئاگر گرتنی دارستانەكان بوو لە چەند ناوچەیەك. 

شارەزایانی ئاو و هەوا دەڵێن هۆكارەكە ئەوەیە كە پلەی گەرمای گۆی زەوی زیاتر لە یەك پلە بەرزبووەتەوە. ڕووداوەكانی مانگی كانوونی دووەم و ڕۆژەكانی سەرەتای مانگی شوبات بارێكی نا ئاساین لە بارودۆخی ئاو و هەوادا و لە باكوور پێیان دەگوترێت شەپۆلە ساردەكان و لە باشوور پێیان دەگوترێت شەپۆلە گەرمەكان.
 هەردووكیشیان لادانی نا ئاسایین لە تێكڕای پلەی گەرما. ناوچەكەمان هاوینی ڕابردوو شەپۆلی گەرمای تووش هات و ئەم زستانەی ئێستاش ڕووبەڕووی شەپۆلێكی سارد بووەتەوە چونكە جیهان نە گەرماكەی و نە سەرماكەی ئاسایی نین. هەردوو حاڵەتەكە شەپۆلە ساردەكان و شەپۆلە گەرمەكان كە ئێستا ڕوو دەدەن، نمایشكردنێكی سەرەكی تاقە یەك مەسەلەن كە هەموومان پێی دەڵێین گەرمبوونی جیهان. تێگەیشتنی شەپۆلە گەرمەكان لە كاتێكدا كە گۆی زەوی گەرمتر بووە كارێكی ئاسانە بەڵام چۆن تێ بگەین كە گەرمبوونی زەوی دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلە ساردەكان؟ ئایا ئەمە چۆن یەك دەگرێتەوە لەگەڵ بیرۆكەی گەرمبووندا بۆ تێگەیشتنی سیستمی مەناخی باوای دابنێین كە سیستمەكە پێكهاتووە لە هەزار زەنگ لە نزیك یەكەوە دانراون لە چوارگۆشەیەكی زەبەلاحدا كە پانتاییەكەی 15 فەدان و هەر زەنگێك لەو زەنگانە هەستیارە بەرامبەر بە دەنگ لە سنووری 50 مەتر چوارگۆشەدا.

واتە كە دەنگێك بەرزبێتەوە و زەنگەكە لێ دەدات و ئەمیش دەبێتە هۆی هەستیاركردنی زەنگەكەی دراوسێی و ئەویش لێ دەدات بەم شێوەیە دەنگەكە بەرز دەبێتەوە.
ئاو و هەوا بەو جۆرەیە، واتە لە دۆخی سەقامگیریدا هیچ ڕوو نایات، بەڵام كە دۆخەكە تێك دەچێت هەرچەند كەمیش بێت هەموو شتێك دەگۆڕێت.

خەسڵەتێكی تری سیستمی ئاو و هەوا بە جۆرێكە كە لە باڵە فڕی مێشوولەیەك دەچێت ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵكردنی زریانێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان.

مەبەستمان لەوەیە كە ڕووداوە بچكۆلەكان وردە وردە گەشت دەكەن و كار دەكەنە سەر دەوروبەر تا ئەو ئەندازەیەیی كە كارەسات دروست دەكەن.

شەپۆلە ساردەكەی ئێستا دەرئەنجامی ئەوەیە كە جیاوازی پلەی گەرما و گوشار لە نێوان جەمسەری باكوور و ناوچە گەرمەكانی تری خوارەوە وەك جاران زۆر نییە، ئەمەش گێژەڵوكە ساردەكەی جەمسەر دەشێوێنێت و وای لێ دەكات پارچە پارچە ببێت و وردە وردە ڕووەو خوارەوە بێت ، زیاتر ڕووەو ناوەڕاستی كەنەدا و ناوچەكانی باكور و ناوەڕاستی ویلایەتە یەكگرتووەكان و لێرەشەوە هەوایەكی زۆر سارد هەڵدەكات بۆئەوەی شوێنی هەوا گەرمترەكە بگرێت. خەسڵەتێكی تری سیستمی مەناخ ئەوەیە كە زۆر زۆر ئاڵۆز و بێ سەرو بەرن و هێندە هۆكاری كاریگەریان هەیە لەسەری كە ناتوانین لە هەموویان تێ بگەین . واتە لە زانستی ئاو و هەوادا یەك زاید یەك ناكاتە دوو.

مشتومڕی گەرم هەیە لەسەر پەیوەندیی چالاكییە پیشەسازییەكانی مرۆڤ بە گەرمبوونی زەوی، بەڵام لە ڕاستیدا نكوڵی ناكرێت كە ئاو و هەوا لە گۆڕاندایە و هەمیشە بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ڕوودەدات و جار لە جاریش خراپترە. لە %97ی توێژینەوەكانیش سەبارەت بە گۆڕانی ئاو و هەوا دەڵێن پەیوەندییەكی ئاشكرا هەیە لە نێوان گۆڕانی ئاو و هەوا و چالاكییەكانی مرۆڤدا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure