پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 05/02/2019‌ :: 2327‌ جار بینراوە
سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
دوای كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌شاری هه‌ولێر، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: هه‌ردولایان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتوون.

سه‌عدی پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند: لە رۆژانی داهاتوو لیژنەی پرۆژە سیاسیەکان دەست بەکار دەبن، وەرەقەی سیاسی کاری هاوبەش ئامادەدەکەن تاوەکوو رێککەوتنی لەسەر بکرێ

سەعدی پیرە ڕاشیگەیاند: لە رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و هەمان ڕۆژیش به‌هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم و پارتی و یه‌كێتی، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش کۆدەبێتەوەو هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

وتیشی: "ڕێککەوتنی سیاسیمان ئەو پرۆژەیە دەبێت کە ئامادە دەکرێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئیداری و ئاسایش و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانەوە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین".

سه‌عدی پیره‌ باسی له‌وه‌شكرد: لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەی دیاریکراو بۆ نوسینی پرۆژە سیاسییەکان دەستبەکاردەبێت و هەوڵدەدرێت تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ئامادەی بکەن.

بە گشتی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:

یەکەم: کۆبوونەوەی لیژنەی ھاوبەشی نوسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، کە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت.

دووەم: دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠١٨ و پەسەندکردنی ئاکامەکانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە ١٨ی٢ی٢٠١٩ بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوکاری و زەمینەسازیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و ھەنگاوەکانی دواتری پەرلەمان بکرێت. 

سێیەم: پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، بڕیاردرا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن. ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی ١٨ی٢ی٢٠١٩ لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure