وردەکاری هەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ ئوردن

هەواڵ / ئابوری :: 04/02/2019‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ماوەی دوو رۆژە هەناردەی نەوتی کەرکوک بەرەو وڵاتی ئوردن دەستیپێکردووە، بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوریش دەڵێت: "سەرهەڵدانی داعش پڕۆژەی راکێشانی لولەی نەوتی لەنێوان عێراق و ئوردن-دا لەریشەوە هەڵتەکاند".


فەرهاد حەمزە، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکور بەدواڕۆژی وت: "لەرۆژی 2ی شوباتەوە سه‌رله‌نوێ‌ پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی كه‌ركوك بۆ ئوردن لەرێگەی تانكه‌رەوە دەستیپێکردوە و بەهەمان بڕەکەی پێشووتریش کە 10 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ رۆژێكدا و به‌ نرخێكی كه‌متر له‌ نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نەوتی باکور، پێدانی نەوت بە ئوردن بەنرخی کەمتر لەبازاڕ، بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە کاتێک بڕیاریدا لەبەرامبەر هەڵوێستەکانی ئەو وەڵاتە ئەوهەنگاوە بنێت.
 
لەساڵی 2006-یش جارێکیتر رێكکه‌وتنێك له‌ نێوان عێراق و ئوردن بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ واژۆكرا به‌و پێیه‌ رۆژانه‌ 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ئوردن بكرێت، ئه‌و کاتەش به‌هۆی خراپی باری ئه‌منیه‌وه‌ نه‌توانرا رێكکه‌وتنەكه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێت. 

به‌گوێره‌ی ئه‌و رێكکه‌وتنەیش ده‌بوایه‌ سه‌ره‌تا هه‌نارده‌كردن به‌ 10هه‌زار به‌رمیل ده‌ستی پێبكردایه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو زیادیش بكرێت تا ده‌گه‌یشته‌ 100 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژیكدا، له‌ هه‌ر به‌رمیلێكدا 18 دۆلار ده‌شكێنرێت و بەکەمتر لە نرخی بازاڕ بە ئوردن دەفرۆشرێت.

له‌ مانگی ئابی ساڵی 2008 جارێكیتر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وروژێنرا و رێكکه‌وتنێک بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ واژۆكرا كه‌ له‌ ئابی 2011 كۆتایی پێدێت. په‌پێی رێكکه‌وتنەکەش دەبوو رۆژانە 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئوردن بکرێت به‌ داشكاندنی 22 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك.

بەوتەی فەرهاد حەمزە، تاوەکو کۆتایی وادەی رێککەوتنامەکەیش ئه‌و تانكه‌رانه‌ی هه‌ندێك جار دوچاری رووداوی دڵته‌زێن دەهاتن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایی مانگی تشرینی دووه‌می 2010 روویدا كه‌ 18 تانكه‌ر گڕیان تێبه‌ربوو و سوتان له‌ ئه‌نجامدا دوو شۆفێر گیانیان له‌ ده‌ستداو 12ی تریش برینداربوون.

ساڵی (2011) له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئوردنیه‌وه‌ داوا له‌حكومه‌تی عێراق كرا له‌جیاتی هه‌ناردەی نەوت لوله‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ رابكێشرێت، ئه‌وه‌بوو له‌ 10ی مانگی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵدا یاداشتێكی لێكگه‌یشتن له‌ نێوانیاندا واژۆكرا كه‌ زۆربه‌ی به‌نده‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ كه‌رتی ووزه‌وه‌ هه‌بوو. به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتیش به‌ لوله‌یه‌كی نه‌وتی به‌ندێكی ئه‌و یاداشته‌بوو. 

به‌پێی رێكکه‌وتنه‌كه‌ لوله‌ نه‌وتیه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی حه‌دیسه‌ی رۆژئاوای عێراقه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تا به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ له‌وێش لقێكی لێده‌بێته‌وه‌ رووه‌ و  پاڵاوگه‌ی زه‌رقای ئوردنی ده‌چێت، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکور لەدرێژەی نوسینێکیدا لەو بارەوەیە دەڵێت: "رووداوه‌كانی ساڵانی دواتر به‌تایبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی داعش ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵكێشا".

هه‌رچه‌نده‌ ئوردن رۆژانه‌ ئه‌م بڕه‌ نه‌وته‌ له‌ عێراقه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام پێویستی ناوخۆیی پر ناكاته‌وه‌ و رۆژانه‌ پێویستی به‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure