"عێراق 70 داواى نێوده‌وڵه‌تى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى به‌رزكردۆته‌وه‌ "

هەواڵ / عێراق :: 05/02/2019‌ :: 130‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

سه‌نته‌رێكى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌مریكى ئاشكرایده‌كات: له‌ دواى روخانى رژێمى سه‌دام حسین، له‌ كۆی 200 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وارى عێراق 10 هه‌زاریان دزراون و تائێستاش حكومه‌تى عێراقى 70 داواى یاسایى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ تۆماركردوه‌.


به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى ده‌زگاى پاراستنى دیموكراسییه‌كان (FDD) كه‌ سه‌نته‌رێكى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌مریكیه‌ له‌ ساڵى 2016، رێكخراوى داعش  بڕى 35 ملیۆن دۆلارى ده‌ستكه‌وتووه‌ له‌ كڕین و فڕۆشتنى به‌شێك له‌ شوێنه‌واره‌كانى عێراق و سووریا.

له‌ راپۆرتى ئه‌و ڕێكخراوه‌دا هاتووه‌، له‌ دواى رووخانى رژێمى سه‌دام حسێن له‌ ساڵى 2003، كۆمپانیایه‌كى ئه‌مریكى زیاتر له‌ 5 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وارى عێراقى له‌ بازرگانێكى دانیشتووى ئیماراتى عه‌ره‌بى كڕیوه‌، كه‌ به‌پێى یاساكانى عێراقى و ئه‌مریكى مامه‌ڵه‌كردن پێوه‌ى قه‌ده‌غه‌یه‌.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو: به‌پێى به‌ڵگه‌كانى دادگاى باڵاى عێراقى هه‌شتا به‌رپرس وه‌زیر له‌ بازرگانیكردن به‌و شوێنه‌واریانه‌ تێوه‌گڵاون، به‌ڵام به‌هۆكارى سیاسى لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌.

 راپۆرته‌كه‌ رونیكردوته‌وه‌، له‌كاتى دادگایكردنى عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وارى گرنگ له‌ عێراق براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌سه‌ر مۆزه‌خانه‌كانى نیورۆك و په‌نسلڤانیا دابه‌شكراون و هێزه‌كانى به‌ریتانیاش 8 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌واریان له‌ عێراق بردووه‌.

ده‌زگاى پاراستنى دیموكراسییه‌كان ئاشكراشیكردووه‌: عێراق توانیویه‌تى 4 هه‌زار 764 پارچه‌ شوێنه‌وار له‌ كۆیى 10 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وار بگه‌ڕێنێته‌وه‌و 70 داواى یاسایى بۆ به‌رده‌م دادگا نێوده‌وڵه‌تیه‌یه‌كانیش به‌رزكردۆته‌وه‌ له‌ رێگه‌ى رێكخراوه‌كان و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ینه‌یه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ بێ ئه‌نجام بووه‌.

ئه‌و ده‌زگایه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌: عێراق خاوه‌نى 200 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وارى دانسقه‌یه‌و مۆزه‌خانه‌كه‌شى یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین مۆزه‌خانه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، له‌و ڕێژه‌یه‌ش 3 هه‌زارو 500 شوێنه‌واره‌ى ده‌كه‌وێته‌ هه‌رێمى كوردستان،به‌ڵام گه‌ڕان و پشكینین بۆ هه‌موو شوێنه‌كان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێشبینیده‌كرێت ژماره‌ى شوێنه‌واره‌كانى هه‌رێم زیاتر بێت  له‌ 10 هه‌زار شوێنه‌وار.
پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure