ماوەی 15 ساڵە ئەنجومەنی شارەوانییەكان هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجامنەدراوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/02/2019‌ :: 204‌ جار بینراوە
"بەشێكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە ژیاندا نەماون یان كۆچى ده‌ره‌وه‌یان كردووه‌"

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

ماوەی 15 ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكراوە و بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانەش لە ژیاندا نەماون یاخود كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە، لەئێستاشدا پارێزگا و ئیدارەكان سەرقاڵی دەستنیشانكردنی ئەندامی نوێن لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر بدرێت و ببنە ئەندامی نوێی ئەنجومەنی شارەوانی.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پەیڕەوێكی كاركردنی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە و ئەویش رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە".

وتیشی: "ئەو پەیڕەوە گشتاندنی پێكراوە بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەوەی پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە هەبێت كە لە پەیڕەوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، تێیدا هاتووە لە 40%ی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دەبن، هەروەها لە 60%ی ئەندامانی تریشیان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەبن".

ئازاد حەمەئەمین، ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە ساڵی رابردوو ئەم بابەتەمان بردە ناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنەوە و گفتوگۆمان لەسەر كرد، دواتر بڕیارماندا و نووسراوێكمان ئاڕاستەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كردووە، داوامان لێكردوون رای خۆیانمان بۆ بنێرن و كاندیدەكانمان بەناو بۆ بەرزبكەنەوە و ئێمەش لە ئەنجومەن دەنگی لەسەر بدەین، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە وەك خۆی ماوەتەوە و وەڵامیان نەداوینەتەوە".

باسی لەوەشكرد "ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەنجومەنی شارەوانی نوێ‌، دەبێت ناوەكانیان لە پارێزگاكان و ئیدارەكانەوە بۆ ئێمە بنێردرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەین و دەستبەكاربن".

لە ساڵی (2000) لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناحیە و قەزا و پارێزگاكان لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردران، بەڵام بەپێی ئەو پەیڕەوە نوێیەی وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم، جارێكی دیكە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێی شارەوانیەكان ناكرێت، بەڵكو لەناو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەریان دەستنیشان دەكرێت و لەلایەن پارێزگاكان و ئیدارەكانەوە ناوەكانیان دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان و لەوێش دەنگیان لەسەر دەدرێت و دەستبەكاردەبن.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو "لەناو پەیڕەوەكەدا مەرج دانراوە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، مەرجەكانیش بەپێی بڕوانامە و تەمەن و ئەزمونیەتی".

دەشڵێت: "ئەوەندە دەمێكە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان نەكراوە، بەشێكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان یان لە ژیاندا نەماون یاخود كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، یان وازیان لە كارەكەیان هێناوە، ئەمەش وای كردووە گەورەترین كێشە لەو ئەنجومەنانە دروست بێت".

ئازاد حەمەئەمین، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "ئەنجومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی لە كاری خۆیان بەردەوامن و كاری هاوڵاتیانیش رایی دەكەن، بەڵام بەپێی پەیڕەوەكە دەبێت ئەندامی نوێ‌ بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكانی قەزا و ناحیەكانیش دیاری بكرێت".

ماوەی 15 ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان نەكراوە، بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لە هیچ قەزا و ناحیەیەك ئەندامەكان وەكو خۆیان نەماون، ئەمەش گرفتی بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان لە قەزا و ناحیەكان دروستكردووە، دەشڵێت "دەبێت بەشێكی زۆر لە بڕیاری شارەوانییەكان لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانییەوە پەسەند بكرێن".

دواڕۆژ بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ چەندینجار پەیوەندی بە كەمال مستەفا، بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی كرد، تەنانەت دوای ئەوەی لە رێگەی مۆبایلەوە نامەشی بۆ نێردرا هێشتا ئامادەنەبوو وەڵامی پەیوەندییەكانمان بداتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەو 39 شارەوانی قەزاو ناحیەكان لەخۆی دەگرێت و ئەم پرسە زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە.

لەلایەكی دیكەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بەو پرسە بە دواڕۆژی وت: "هەڵبژاردنەكان ئەو بابەتەی لێتێكداین، بەڵام لە ئێستادا خەریكی دراسەكردنین، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پەیڕەوە نوێیەی وەزارەتی شارەوانی دەریكردووە و ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كردووە، ناوەكان بەرزبكەینەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دەنگیان لەسەر بدرێت و ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دەستبەكاربن".

وتیشی: "بەپێی پەیڕەوەكە پشكی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان 40%ی بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و 60%یشی بۆ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە مەرجمان بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە دەیانەوێت ببنە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، لە رووی ئەزمون و كەسایەتی و پسپۆڕییەوە".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، باسی لەوەشكرد "ئێستا كار لەو پرۆسەیە دەكەین و دەمانەوێت بەیەكجار هەموو ناوەكان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بنێرین، چونكە هەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك بەپێی رێژەی دانیشتوانەكەی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بۆ دیاری دەكرێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure