وته‌بێژی یه‌كێتی: له‌كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێدا بڕیاری گرنگ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 04/02/2019‌ :: 698‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

وته‌بێژی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی پارتی و یه‌كێتیی بڕیاری گرنگ ده‌درێت و سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتیش ئاماژه ‌به‌وه ‌ده‌كات: راپۆرتی لیژنه‌كانی دانوستاندن پێویستی به‌ بڕیاری سیاسییه‌.


بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ردوو شاندی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ ماڵی كۆسره‌ت ره‌سول، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی كۆببنه‌وه‌.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتی (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی شوباتى 2019) له‌ دوای مه‌ڕاسیمی پێشوازیكردن له‌ ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، له‌ لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایگه‌یاند: كۆبوونەوەی سبەی نێوان پارتی و یەكێتی گرنگە و بڕیاری گرنگیشی تێدا دەدرێت و له‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌كانیش لەگەڵ پارتی بۆچوون و تێڕوانینیان نزیكن لەیەكەوە.

هه‌ر له‌ دوای مه‌ڕاسیمه‌كه‌ فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند: لیژنه‌كانی دانووستان، كاری باشیان كردووه‌ و کێشەی پارتی و یەکێتی ئەوەیە، یەکێتی دەیەوێت پرسەکانی بەغدا و هەولێر پێکەوە چارەسەربکرێن، بەڵام پارتی دەیەوێت سەرەتا لە هەرێمی کوردستان رێککەوتن بکرێت، پاشان پێکەوە بچنە بەغدا.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: لیژنه‌كانی دانوستاندن كاری باشیان كردووه‌، به‌ڵام راپۆرتی ئه‌و لیژنانه‌ پێویستی به‌ بڕیاری سیاسی هه‌یه‌. 

وتیشی: "پێویسته‌ واده ‌و سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دابنرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، چونكه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ 130 رۆژی به‌سه‌رداتێپه‌ڕیوه‌ و هیوادارین نه‌گاته‌ نه‌ورۆز".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure