"سلێمانی پێشكەوتووترین شارە بۆ چارەسەری شێرپەنجە"

هەواڵ / کوردستان :: 04/02/2019‌ :: 372‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

 

بەرپرسێكی نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: نەخۆشخانەكەیان پێشكەوتووترینە بۆ چارەسەری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە".

محەمەد عەبدولوەهاب، بەرپرسی هۆبەی كۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و ئەندامی لیژنەی زانستی نەخۆشخانەی هیوا تایبەت بەنەخۆشی شێرپەنجە (ئەمڕۆ 4ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: ساڵی رابردوو رێژەی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لە سنوری شاری سلێمانی بۆ هەموو 100 هەزار كەسێك 114 حاڵەت بووە.

روونیشیكردەوە: تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لەجیهان لەزیادبووندان، بەپێی چەند پۆلێنێكیش كە هەیە لەوڵاتان رێژەی تووشبوون بۆ هەموو 100 هەزار كەسێك 300 حاڵەتە و ئاشكراشیكرد: راستە لەكوردستان رێژەی تووشبون زیادبووە، بەڵام بەراورد بەوڵاتانی دیكە كەمترن.

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەیە لەجیهان، لەشاری سلێمانی تەنها گرنگی بەچارەسەری كیمیایی بۆ ئەو نەخۆشییە نەدراوە.

محەمەد عەبدولوەهاب وتی: "دەتوانم بڵێم سلێمانی پێشكەوتووترین شارە بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی لەچارەسەری تووشبووانی شێرپەنجەدا، چونكە ئێمە تەنها بیرمان لەچارەسەری كیمیایی نەكردۆتەوە، بەڵكو بیرمان لەچارەسەری دەروونی و كۆمەڵناسی و جەستەییش كردۆتەوە، كۆتایی ساڵی رابردوو سەنتەرێكی راهێنانی جەستەییمان كردەوە كە ئەمساڵ دەبێتە تاكە سەنتەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە