هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ خستنه‌گه‌ڕى پڕۆژه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى نه‌نێردراوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/02/2019‌ :: 228‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌ى دروستكردنى شه‌قامى 100 مه‌ترى ئاشكراى ده‌كات: كه‌ ساڵانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى پلاندانانه‌وه‌ پاره‌یان بۆ ته‌رخانده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ تا پڕۆژه‌كه‌ ده‌ستپێبكه‌ن.


ئازاد ره‌سوڵ، به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌ى دروستكردنى شه‌قامى 100 مه‌ترى له‌ سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ ساڵى (2014)وه‌ تاوه‌كو ئه‌مساڵیش له‌ پلانى خۆیدا وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى ته‌رخانكردوه‌ بۆ شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ واته‌ (ته‌مویل) نه‌كراوین، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌ قۆناغى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ین".

وتیشى: "سه‌رجه‌مى پڕۆژه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 146 كیلۆمه‌تر، قۆناغى یه‌كه‌میشى بریتییه‌ له‌ 32 كیلۆمه‌تر".

ئازاد ره‌سوڵ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "له‌ ئێستادا پارێزگارى سلێمانى و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ هه‌وڵێكى جددیدان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى بۆ پڕۆژه‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆمان دابینبكرێت (ته‌مویل) بكرێین و ده‌ست به‌ پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ین".

باسى له‌وه‌شكرد: "له‌كاتى ده‌ستپێكردنى پڕۆژه‌كه‌ ئه‌و خانو و زه‌وییانه‌ى به‌ر شه‌قامه‌كه‌ ده‌كه‌ون قه‌ره‌بوویان ده‌كه‌ینه‌وه‌".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "داوامان لە حکومەت کردوە کە پارە بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخانبکات، چاوەڕێی وەڵامیانین".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure