سەندیکای شۆفێران لەسەر قەدەغەی كاری شۆفێریی تاكسی بۆ فەرمانبەران هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 04/02/2019‌ :: 9806‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد


لەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی شۆفێریی تاکسی لەلایەن فەرمانبەرانەوە، سەندیکای شۆفێران لەسەر ئەو بڕیارە هاتەدەنگ.

 

جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "لەڕۆژی سێشەممە 5ی شوباتی 2019 کۆبونەوەیەکی تایبەت لەشاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ھاتوچۆی سلێمانی و گواستنەوە و گەیاندن و سەندیکای شۆفێران ئەنجامدەدرێت بۆ دانانی میکانیزمێک دەربارەی چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".

 

دەربارەی ڕازیبونی سەندیکای شۆفێران بەو بڕیارە، جەلال محەمەد وتی: "ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نین، چونکە لەبڕیارەکەدا سەرجەم  فەرمانبەران لەخۆدەگرێت ھیچ جیاکارییەک نەکراوە لەنێوان شێوازی بەکارھێنانی فەرمانبەران لە پلەبەندی وەرگرتنی مووچەدا بە تایبەت لە هێزە ئەمنییەکاندا".

 

وتیشی: "ھەندێک فەرمانبەری هێزە ئەمنییەکان ھەیە مووچەکەی کەمتر لە 300 ھەزار دینارە، بۆیە ئەو پەنای بردۆتە بەر بەکارھێنانی تاکسی، بۆیە پێویستە ئەم بڕیارە ئەو کەسانە بگرێتەوە کە مووچەکانیان بەرزە و جیاکارییەک بکرێت".

 

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەکارھێنانی تاکسی لەسەرجەم فەرمانبەران قەدەغەكراوە.

 

رۆژی پێنجشەممە 31ی کانونی دووەمی 2019 وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا رێگری بکات کە لەمەودوا کارمەندانی هێزە ئەمنییەكان ببنە شۆفێری تاکسی، هاوکات رێگری لە فەرمانبەرانی میلاکی شارستانیش دەکرێت کاری شۆفێری تاکسی بکەن جگە لە پلەکانی 7 و بەرەو خوار.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure