مۆڵەتەكەی ئەوروپا بۆ ڤەنزویلا كۆتاییهات

هەواڵ / جیهان :: 04/02/2019‌ :: 153‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


سەرۆكی ڤەنزوێلا ئەو وادەیە رەتدەكاتەوە كە ئەوروپییەكان بۆیان داناوە تا بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدات، ئاماژە بەوەشدەكات: مل نادات بۆ هیچ فشارێك كە لەدەرەوە بكرێتە سەری بۆ جێهێشتنی دەسەڵات، هاوكات سەرۆكی ئەمریكاش بژاردەی سەربازی بەدوور نازانێت دژی حكومەتەکەی مادۆرۆ.


شەش وڵاتی ئەوروپی ماوەی 8 رۆژیان بۆ نیكۆلاس مادۆرۆ دانابوو تا بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات بۆ سەرۆكایەتی وڵات و وادەكەش شەوی یەكشەممە تەواو بووە.

 

مادۆرۆ بۆ كەناڵی لاسێكسیتای ئیسپانی ئەوەی خستۆتەڕوو: كە ئەوان مل نادەن بۆ فشارەكانی ئەوروپا، وتیشی: "بۆچی لەهەڵبژاردنێكدا كە لایەنگرانی ئەوروپا تیایدا براوە نەبوون، دەبێت پڕۆسەكە دووبارە بكەینەوە؟"

 

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: بژاردەی ناردنی هێز بۆ ڤەنزوێلا یەكێكە لەئەولەویەتەكان و دیراسەی دەكەن.

 

ترەمپ ئەوەی ئاشكرا كرد: ماوەیەك لەمەوبەر نیكۆلاس مادۆرۆ داوای چاوپێكەوتنی لێكردووە، بەڵام بە وتەی خۆی رەتیكردوەتەوە، لەبەرئەوەی نێوانی ئەوان و مادۆرۆ زۆرە و لەگەڵ سیاسەتەكانی مادۆرۆ ناگونجێت.

 

دوێنێش لەگەڵ ئەوەی ئێستا پەرلەمانی ڤەنزوێلا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە، نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ئەو وڵاتە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پێشوەختەی كرد.

 

هەرچەندە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە ساڵی 2020 كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، نیكۆلاس مادۆرۆ لەبەردەم هەزاران لایەنگریدا لەكاراكاس وتی: "پشتیوانی ئەو پڕۆسەیە دەكەم".

 

لەئێستادا دۆخی ڤەنزوێلا بەرەو خراپیی دەڕوات و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەشبوون، بەجۆرێک هەندێک لە هاووڵاتیان پشتگیری خوان گایدۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و هەندێکی دیکە لە دژی لێدوانەکەی گایدۆ کە خۆی وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا ناساند، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

ئا: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure