نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی (نه‌تانیاهۆ) دێته‌ گۆڕپانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 03/02/2019‌ :: 214‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ده‌ره‌نجامه‌كانی ڕاپرسییه‌كی تازه‌ نیشانی ده‌دات جه‌ماوه‌ریبوونی سه‌رۆكی ئه‌ركانی پێشووی ئیسرائیل له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ ساڵی (2009)ه‌وه‌ تائێستا گرنگترین ركابری سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل (بینیامین نه‌تانیاهۆ)یه‌. 


سه‌رچاوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێن ڕكابه‌ری نێوان هێزه‌كانی ئیسرائیل ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر و توندتر ده‌بێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی مانگی نیسانی داهاتوو. هه‌رچه‌نده‌ (نه‌تانیاهۆ)ی سه‌ره‌كوه‌زیرانی ئێستا له‌ ڕاپرسییه‌كاندا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی زیادنه‌بوونی پێگه‌ ڕاستییه‌كانی ناوبراو.

زانیارییه‌ تازه‌كان ئاماژه‌ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی جدی له‌ ڕوانگه‌و پێكهاته‌ی حیزبه‌ ئیسرائیلی یه‌كان به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردن و ڕۆژ به‌ ڕۆژ پێگه‌ی (بینی گانتز)ی سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل به‌هێزتر ده‌بێ له‌ ململانێكاندا.

ڕاپرسیی یه‌ تازه‌كه‌ ده‌ڵێت هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی نێوان گانتز و (موشێ یه‌علون)ی وه‌زیری پێشووتری جه‌نگی حكومه‌تی ئیسرائیل (21) كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه‌ له‌ ڕاپرسی یه‌كه‌ی پێشتردا ته‌نیا (7) كورسی بۆ پێشبینی كرابوو. حیزبی (لیكۆد)ی ده‌سه‌ڵاتداریش به‌ڕابه‌رایه‌تی نه‌تانیاهۆ (30) كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
 
راپرسییه‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ %35ی خه‌ڵكی ئیسرائیل پێشبینی ده‌كه‌ن بینی گانتز سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئاینده‌ی ئیسرائیل ده‌بێ له‌ كاتێكدا 36%ی خه‌ڵكه‌كه‌ پێ یان وایه‌ نه‌تانیاهۆ ده‌بێته‌ سه‌ره‌ك وزیرانی ئیسرائیل؛ واتا ئه‌مجاره‌ نه‌تانیاهۆ ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ده‌بێت. 

گانتز له‌ دوایین وتاریدا ره‌خنه‌ی توندی له‌ نه‌تانیاهۆ گرت و پاشان هێرشی كرده‌سه‌ر ئێران و حیزبوڵڵا . ڕاپرسییه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات كه‌ (لیبرمان)ی وه‌زیری پێشووی ئیسرائیل پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ و ته‌نیا چوار كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

چاودێران ده‌ڵێن نه‌تانیاهۆ زۆرترین چانسی هه‌یه‌ ببێته‌وه‌ به‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئسرائیل به‌ مه‌رجێك له‌ دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كاندا حوكم نه‌درێ و بتوانێ خۆی ڕزگار بكات.
 
په‌نابردن بۆ زمانی جه‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی له‌ حه‌ماس و حیزبوڵڵا و ئێران ناتوانێ  ببێته‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن كه‌ نه‌تانیاهۆ ڕكابه‌ره‌كانی خۆی پێ ببه‌زێنێت، چونكه‌ گانتز و یه‌علون هه‌ردووكیان ئه‌فسه‌ری سه‌ربازین.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure