كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی دواخرا
پارتی داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی یه‌كێتیی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 03/02/2019‌ :: 20216‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى كه‌ وابڕیاربوو سبه‌ى دووشه‌ممه‌ له‌ نێوان شاندى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، دواخرا بۆ ڕۆژى سێشه‌ممه‌.


دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو كۆبوونه‌وه‌ى شاندى پارتى و یه‌كێتى دواخرا بۆ ڕۆژى سبه‌ى دووشه‌ممه‌، دووباره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخراوه‌ بۆ ڕۆژى سێشه‌ممه‌ 5ى شوبات، له‌ ماڵى كۆسره‌ت ڕه‌سول على.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ گفتووگۆى ڕاپۆڕت و پڕۆژه‌ى ئه‌و چوار لیژنه‌یه‌ ده‌كرێت، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردووى نێوان هه‌ردوولایه‌ن بڕیارى له‌سه‌ر درابوو، له‌ باره‌ى پرسى كارنامه‌ى حكومه‌ت و كه‌ركوك و به‌غدا و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان و ڕێككه‌وتنى چوارساڵه‌ى نێوان هه‌ردوولا.

دواڕۆژ زانیویه‌تى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پارتى داوا له‌ یه‌كێتیى ده‌كات له‌ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌دا كه‌سێك دیاریبكات بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، تاوه‌كو بتوانن له‌ماوه‌یه‌كى چه‌ند ڕۆژى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن.

دواڕۆژ ئه‌وه‌شی زانیوه‌ كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ بڕیاره‌ ئه‌نجامبدرێت، یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان هه‌موو داواكارییه‌كانى خۆى به‌شێوه‌ى نوسراو ده‌خاته‌ به‌رده‌م شاندى پارتى و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت پارتى به‌شێكى زۆر له‌ داواكارییه‌كانى یه‌كێتیى له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جێبه‌جێبكات، چونكه‌ له‌ ڕۆژانى ڕابردوو له‌ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندى ناڕاسته‌وخۆوه‌ قسه‌ له‌سه‌ر به‌شێك له‌ پاكێجى پڕۆژه‌كه‌ى یه‌كێتیى كراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure