نێچیرڤان بارزانی: دوژمنان جیاوازی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا ناکەن

هەواڵ / کوردستان :: 03/02/2019‌ :: 254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ پازده‌هه‌مین ساڵیادی شه‌هیدانی یه‌كی شوباتدا كه‌ كه‌ تێیدا ده‌یان پێشمەرگەو به‌رپرسی پارتی و یه‌كێتی له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا شه‌هیدكران، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: یادی تێكه‌ڵبوونی خوێنی پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌كانی پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ینه‌وه‌و دوژمنان هیچ جیاوازییه‌كمان له‌ نێواندا ناكه‌ن.


له‌ یه‌كی شوباتی 2004 له‌ هه‌ردوو مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی و لقی پارتی دوو ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجامدران و 101 به‌رپرس و پێشمه‌رگه‌و كادیری ئه‌و دوو حیزبه‌ شه‌هیدبوون.

له‌و یاده‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد و وتی: "یادی یادێكی ئاسایی ناكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو یادی تێكه‌ڵبوونی خوێنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ینه‌وه‌و ئه‌و راستییه‌ش جارێكی دیكه‌ كه‌وته‌وه‌ به‌رچاوی هه‌موومان كه‌ دوژمنان هیچ جیاوازییه‌كمان له‌ نێواندا ناكه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ به‌ بیری خۆمانی بهێنینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ یه‌كگرتوو بین و هه‌میشه‌ یه‌كگرتووی خۆمان له‌ پرۆسه‌و پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا به‌ یه‌كه‌وه‌ بپارێزین.

وتیشی: "هه‌رێمی كوردستان و گه‌له‌كه‌ی زیاتر شانازی به‌ فره‌یی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا داعش دڕه‌نده‌ترین جینۆسایدی به‌رامبه‌ر خوش و برا ئێزدییه‌كانمان ئه‌نجامدا، حكومه‌تی عێراق له‌وكاته‌دا بودجه‌ى هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بڕیبوو، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان له‌و قه‌یرانه‌دا پێشوازیان له‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن ئاواره‌و په‌نابه‌ر كرد".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure