كێشه‌ی كۆچ له‌ وڵاتی كۆچبه‌راندا

هەواڵ / جیهان :: 02/02/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دۆناڵ ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا گفتوگۆكانی خۆی له‌گه‌ڵ كۆنگرێسدا بۆ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی دروستكردنی دیوارێكی بڵند له‌سه‌ر سنووری نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و مه‌كسیكدا به‌كارێكی بێهوده‌ و كات به‌فیڕۆدانی وه‌سفكرد.

ئێستا رێره‌وه‌كانی كۆنگرێست به‌رده‌وام دانوستانی تێدا ده‌كرێت به‌وهیوایه‌ی چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه‌، پێش ته‌واوبوونی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ سێ هه‌فته‌ییه‌ی كه‌ دۆناڵ ترامپ به‌خشیویه‌تی به‌دیموكراته‌كان و 14ی ئه‌م مانگه‌ ته‌واو ده‌بێت. 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان درێژخایه‌نترین داخستنی به‌شێكی حكومه‌ته‌ فیدڕاڵییه‌كه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ 35 رۆژی تێپه‌ڕكردووه‌ و هۆكاره‌كه‌ش جیاوازی بیروبۆچوونی دۆناڵ ترامپ و دیموكراته‌كانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دروستكردنی ئه‌و دیواره‌.

مه‌سه‌له‌ی كۆچ له‌ ئه‌مریكادا مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر ئاڵۆزه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌م دواییه‌ كورتكراوه‌ته‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی دروستكردنی دیواره‌كه‌ی مه‌كسیك. له‌لایه‌كه‌وه‌ كه‌یسی ئه‌م داواكارییانه‌ چه‌ندین مانگ و بگره‌ چه‌ندین ساڵ ده‌خایه‌نێت هه‌تا دادگا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ داواكاره‌كانی په‌نابه‌رێتی به‌پێی یاسا ده‌توانن چه‌ندین ساڵ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بمێننه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی بڕیار له‌سه‌ر داواكانیان ده‌درێت. هه‌روه‌ها كێشه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ به‌ رێگه‌ی قاچاغ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا هاتوونه‌ته‌ ئه‌مریكا و هیچ نیشتیمانێك ناناسن بێجگه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و پێیان ده‌گوترێت خه‌وبینه‌كان.
 
رۆژ به‌ رۆژیش ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێزتر ده‌بێت كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مواركردنی بڕگه‌ى  19ی ده‌ستوور ده‌كه‌ن و هه‌مواركردنه‌كه‌ ده‌ڵێت: پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ره‌گه‌زنامه‌ بدرێت به‌ هه‌ر منداڵێك كه‌ له‌ناو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌دایك ده‌بێت به‌بێ ره‌چاوكردنی ره‌گه‌زنامه‌ی دایك و باوكی و چۆنییه‌تی گه‌یشتنیان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌گرتووه‌كان به‌ قاچاغ یان به‌ رێگای یاسایی.

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا خۆی دوو سه‌ده‌ و نیو پێش ئێستا له‌سه‌ر ده‌ستی كۆچبه‌ری ئه‌وروپی دروستكرا و له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابووردووه‌وه‌ بووه‌ته‌ قیبله‌ی كۆچبه‌رانی سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام.
 
په‌یمانگای سیاسه‌ته‌كانی كۆچ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داتاكانی ساڵی 2017 بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی كۆچبه‌رانی جیهان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ژین كه‌ حاڵی حازر 45 ملیۆن كۆچبه‌ری تێدایه‌ واته‌ 14% دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 325 ملیۆن كه‌س. 

كۆچبه‌ر به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌دایكبووه‌ و دواتر بۆ ژیان هاتووه‌ته‌ ئه‌مریكا و له‌وێ نیشته‌جی بووه‌. ترامپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا بۆیه‌ بردییه‌وه‌ چونكه‌ به‌رنامه‌كه‌ی دژی كۆچبه‌ران بوو و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ خاڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا و كۆمه‌ڵگای كردووه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌. به‌شێكی كۆمه‌ڵگا پێی وایه‌ گرنگترین خاڵی گه‌شی وڵاته‌كه‌یان مه‌سه‌له‌ی كۆچه‌ و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌زانێت و ده‌ڵێت پێویسته‌ رووبه‌رووی ببینه‌وه‌. 

كۆچ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا په‌یوه‌ندی پته‌وی هه‌یه‌ به‌ مه‌سه‌له‌كانی ئابووری و تێكڕای تاوانه‌كان و هه‌لیكار و رۆڵی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ مرۆڤایه‌تییه‌ جیهانییه‌كاندا له‌ كاتێكدا كه‌ جیهان به‌ شێوه‌یه‌كی بێ وێنه‌ دیارده‌ی به‌زۆر كۆچ پێكردنی تێدا ده‌بینرێت. 

دیموكراته‌كان پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت به‌سه‌رۆك بدرێت دیواره‌كه‌ی مه‌كسیك دروستبكات ئه‌وا له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دیسان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌. راپرسییه‌ك كه‌ به‌م دواییه‌ ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ڵێت 41%ی خه‌ڵكی ئه‌مریكا پشتگیری له‌ دروستكردنی دیواره‌كه‌ ده‌كه‌ن و 55%یش دژایه‌تی ده‌كه‌ن.

دیواره‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ 370 كیلۆمه‌تر درێژه‌ و بڕی 5.7 ملیاری تێده‌چێت و قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و مه‌كسیكدا ساڵانه‌ 615 ملیار دۆلاره‌ و تێكڕای رێگا زه‌مینی و ده‌ریاییه‌كان له‌ژێر چاودێری و پشكنینی وردی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌مریكادان. دیموكراته‌كان ده‌ڵێن له‌ كۆی 11 ملیۆن كۆچبه‌ری نایاسای ناو ئه‌مریكا، 6.5 ملیۆنیان به‌ قاچاغ له‌ سنووره‌كانی باشووره‌وه‌ هاتوون و 5.5 ملیۆنیشیان واته‌ 40%یان به‌شێوه‌ی یاسای هاتوون كه‌واته‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ بۆ ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ پێویست نییه‌. 

له‌ تازه‌ترین هه‌ڵوێستیشدا دیموكراته‌كان هێشتا سوورن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ی ترامپ به‌ ته‌رخانكردنی  5.7 بۆ دروستكردنی دیواره‌كه‌ و سه‌رۆك ترامپیش سازش له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی ناكات. 

نه‌بوونی هیچ ئاسۆیه‌ك سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌رێكی ناوه‌ندی، پێشبینی ده‌كرێت قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ده‌ستووری رووبدات له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌رۆك ده‌یه‌وێت باری نائاسای نیشتیمانی له‌ سنووره‌كانی باشوور رابگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی پێده‌دات له‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری پاره‌ی پێویست به‌ده‌ستبهێنێت بۆ دروستكردنی دیواره‌كه‌. 

ئه‌م جه‌مسه‌رگیرییه‌ بێ وێنه‌یه‌ له‌ مێژووی سیاسی ئه‌مریكادا. كه‌ زۆر پشتی به‌ستووه‌ به‌ هاوسه‌نگی نێوان دیموكراته‌كان و كۆماریخوازه‌كان، ته‌نیا ده‌ستگای دادوه‌ری ده‌مێنێت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌ستوورییه‌ كه‌ بێ وێنه‌یه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكادا. 
پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure