بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە هەولێر چەند کەسێک گیان لەدەستدەدەن

هەواڵ / کوردستان :: 02/02/2019‌ :: 16904‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ماوه‌یه‌كه‌ نەخۆشی زه‌ردوویی لە هەولێر سەریهەڵداوەتەوە، به‌وهۆیه‌وه‌ هاووڵاتیان تووشی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر ده‌بن، ده‌شڵێت: "له‌ 2019 چه‌ند حاڵه‌تێكی گیان له‌ده‌ستدان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌ تۆماركراوه‌".

نەخۆشی زەردوویی ماوەیەكە لەهەولێر سەریهەڵداوەتەوە و خەڵك تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر دەبن كە بەنەخۆشی زەردوویی بەناوبانگەو به‌وته‌ی پسپۆڕان چارەسەری هه‌ندێك جۆریان زۆر ئەستەمە.

سەرچاوەیەک له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوای هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى شوباتى 2019) به دواڕۆژی راگه‌یاند: ڤایرۆسی جگه‌ر شه‌ش جۆری هه‌یه‌، له‌وانه‌ (A، B، C، D، E، G) به‌ڵام هه‌ردوو جۆری (D ،E) زۆر مه‌ترسیدارن و هاوڵاتیان به‌هۆی ئه‌و دوو جۆره‌یه‌وه‌ ده‌مرن، چونكه‌ به‌ ئاسانی ده‌گوازرێته‌وه ‌و چاره‌سه‌ركردنیشیان زۆر زه‌حمه‌ته‌".

به‌وته‌ی ئەو سەرچاوەیە هەڵگری ئەو جۆرە ڤایرۆسە، تووشبوو رەنگی پێڵوی چاوی زەرد هەڵدەگەڕێت و توشی بەدخۆراكی دەبێ لەگەڵ ئازاری زۆری جگەر، هه‌روه‌ها كه‌سی تووشبوو بێهێز و لاواز ده‌بێ.

له‌باره‌ی ئاماری گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتیانی هه‌ولێر به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌، سەرچاوەکە وتی: "ئێمه‌ به‌گشتی ئامارێكی وردی تووشبوانمان له‌ نه‌خۆشخانه‌ نییه‌، به‌ڵام چه‌ند حاڵه‌تێكی مردن له‌ 2019 تۆماركراوه‌ و سێ هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌"، وەک خۆی دەڵێت: "تەنیا ئاگاداری ئەو سێ حاڵەتەیە".

لەلایەكی دیكەوە د. محەمەد عەبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو لەبارەی هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە بۆ دواڕۆژ وتی: "هۆكاری سەرەكی تووشبوون بەو نەخۆشییە، مادەیەكە پێیدەڵێن (بیلۆ رۆبین) و ئەگەر هەركەسێك 2 ملیگرام تا 3 دی سی لیتر زیاتر ئەو مادەیەی تێدابێت، وا لە گورچیلە دەكات، نەتوانێت بەباشیی بیپاڵیوێت و جگەرە و مادە كهولییەكانیش هۆكاری دووەم و سێیەمی تووشبوونن بەو نەخۆشییە.

وتیشی: "كەسی تووشبوو پێویستە لەنەخۆشخانە بخەوێنرێت و بحەوێتەوە، سەرەڕای وەرگرتنی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەر بوون".
 

له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌، دكتۆر خاڵس قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئاگادارنین كه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بڵاوبووبێته‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە