ئایینی مرۆڤایەتی

هەواڵ / چاوی تۆ :: 02/02/2019‌ :: 378‌ جار بینراوە

داڤان فاتیح
چەمکی ئایین هەمیشە لە ژیانی مرۆڤدا وەک چەمکێکی هیوابەخش و رێکخەر و پارێزگار بووە. بە واتایەکی دی، مرۆڤ بەبێ ئایین ناتوانێ هەڵبکات، وەک چۆن ئایینیش بە مرۆڤەوە بەسرتاوەتەوە و توانای جودابوونەوەی لە مرۆڤ نییە. ئایین لە پێناوی مرۆڤدا هەیە و ئەگەر خودی مرۆڤ لە جیهاندا نەبوایە ئەوا ئایین بۆ کێ ئەبوو؟ بێگومان هیچ کەس.


فەیلەسوفی ئێرانی عەلی شەریعەتی گوتەنی: ئایین لە پێناوی مرۆڤدایە نەک بە پێچەوانەوە. ئایین لە پێناو کەماڵبوون و جوانبوونی خودی مرۆڤدا هەیە، ئایین رێگاکەیە نەک مەنزڵ. ئایین کلیلی دەروازەی حەقیقەتە. ئایین هەمان ئەو بەها رەوشتییانەیە کە مرۆڤ ئەشێت هەیبێت. مرۆڤێکی میهرەبان خاوەن ئایینە تەنانەت ئەگەر پەیڕەوی هیچ باوەڕێکی ئایینی دیاریکراو نەکات. مرۆڤێکی بێبەزەیی بێ ئایینە ئەگەرچی ئایینێکی دیاریکراویشی هەبێت. ئایین بیر و گوفتار و کرداری چاکە پەیامبەر زەردەشت گوتەنی.
خودا ئایینی لە پێناو "مرۆڤایەتی"دا ناردووە نەک لە پێناو خۆیدا. خودا ئایینی ناردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە کەماڵبوون و بێوێنەیی لە رەفتاری نموونەییدا. ئایین ژیانبەخشە نەک ژیانکوژ، وەک هەندێک وا بیرئەکەنەوە. 
بوون مانایەکی نهێنی و شاراوەی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە و ئەم مانا شاراوەیە ئەشێت لەڕێگای ئایینەوە پەی پێ ببرێت. فەلسەفەش دیوەکەی دیکەی ئایینە، بەڵام فەلسەفە زیاتر پرسیارکەرە و ئایینیش وەڵامدەرەوە، فەلسەفە کێشە دیاریدەکات و ئایینیش چارەسەری دەکات. ئایین چەمکێکی مرۆڤانەیە زیاتر لەوەی چەمکێکی خوداییانە بێت، پێویستییەکی مرۆڤانەیە وەک لەوەی پێویستییەکی خوداییانە بێت. مرۆڤ دروستبووە و پێویستی بە زانین و ناسینی بوونی خۆی و ژیان و خودا هەیە، کە ئایین وەڵامدەرەوە و روونکەرەوەیەکی زۆر باشە بۆ مرۆڤ، بۆ ناسینی خۆی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخی خۆی.

باسە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا ئایین بۆ مرۆڤایەتییە؟ ئایین مرۆڤایەتییە و بوونی بەها رەوشتییە باڵاکان لە کەسێکدا، مانای ئایینبوونی کەسەکە دەگەیەنێت. بەو واتایەی کە نواندنی هەر رەوشتێکی باڵا لە ژیاندا، مانای پەیڕەوکردنێکی تەواوی ئایین دێت.
بە کورتی ئایین واتای مرۆڤایەتییبوونی ئەو مرۆڤە دێت کە پەیڕەی دەکات، نەک تەنها خوێندنی سروتی ئایینی و ئەنجامدانی نەریتە ئایینیەکان. ئایین واتە مرۆڤ بگات بە لوتکەی مرۆڤبوون (رەوشت) و ئەگەر ئایین مرۆڤ نەگەیەنێت بەم ئاستە ئەوا ئایینی راستەقینە نییە. ئایین ئەگەر میهرەبانیی دڵی مرۆڤ زیاد نەکات ئەوا ئایینێکی ساختەیە. "مرۆڤایەتی" ئامانجی سەرەکیی ئایینە. وەک فەیلەسوفی ئیسلامی محەمەد زەکەریای رازی دەڵێ:"مرۆڤێک کە ئامانجی خزمەتکردنی خودایە، رەنگە مرۆڤێکی باش بێت! بەڵام ئەو مرۆڤانەی ئامانجیان خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە، بە دڵنیاییەوە مرۆڤی باشن!". هەروەها هەر وەک مرۆڤدۆست و چاکەکاری پاکستانی عەبدولستار ئیدهیدەڵێت:"هیچ ئایینێک لە مرۆڤایەتی بەرزتر نییە".

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەنجامدانی هەر کردارێکی باش و دوورکەوتنەوە لە خراپە ئەنجامدانی (نوێژە). بەپێی تێگەیشتنمان لەو ئایەتەی قورئان کە خودا دەفەرموێ "نوێژ ئەوەیە دووربکەویتەوە لە کاری خراپ و بێزراو". بۆیە بەم مانایە بێت ئەوا دوورکەوتنەوە لە کرداری خراپ و ئەنجامدانی کرداری باش وەک ئەنجامدانی (نوێژ) وایە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure