عێراق ده‌روازه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئوردندا كرده‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 02/02/2019‌ :: 152‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ئاشكرایكرد كه‌ ده‌روازه‌ی ترێبیل له‌سه‌ر سنورى نێوان عێراق و ئوردن كراوه‌ته‌وه‌.


ته‌ها عه‌بدولغه‌نی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: شاندێكی حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگای ئه‌نبار ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى شوبات رۆیشتوونه‌ته‌ ده‌روازه‌ی ترێبیل له‌سه‌ر سنورى ئوردن، به‌مه‌به‌ستی دووباره‌ كردنه‌وه‌ی، دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له‌به‌ر رووداوه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پارێزگاكه‌ داخرا.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و رێگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی به‌ ده‌روازه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌، ئێستا به‌ته‌واوی له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقدایه‌، ئه‌وه‌ش جوڵه‌ی گه‌شتیار و شمه‌ك له‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك دڵنیاده‌كاته‌وه‌.

وتیشی: "كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی ترێبیل هه‌لومه‌رجی ئابووی دانیشتوانی پارێزگای ئه‌نبار به‌ تایبه‌تی و خه‌ڵكی عێراق به‌ گشتی ده‌بوژێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ك داخستنی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك چین و توێژێكی گه‌وره‌ی له‌كارخستبوو، به‌تایبه‌ت خاوه‌نی بارهه‌ڵگره‌كان".

 

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure