پشكى ده‌رمانی هه‌رێم لەبەغداوە دیاریکرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/02/2019‌ :: 541‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات: به‌غدا رازیبووه‌ له‌ ساڵى 2019دا به‌ڕێژه‌ى له‌ 17% پشكى ده‌رمان بۆ هه‌رێمى كوردستان بنێرێت.


خاڵس قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: جگه‌ له‌و رێژه‌یه‌ى كه‌ لە پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019دا بۆ هه‌رێمى كوردستان دیاریكراوه‌، رێككەوتنێكى دووقۆڵى لە نێوان ھەردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێم و عێراق كراوە كە لەو بڕه‌ بودجه‌یه‌ى بۆ كەرتی تەندروستی ساڵى 2019 له‌ عێراق دیاریكراوه‌، پشكی ھەرێمی كوردستان لە دەرمان له‌ 17% بێت.

وتیشی: "بۆ ئه‌مساڵ جگه‌ له‌ پشكى هه‌رێم له‌ ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى، له‌ هه‌مانكاتدا پشكى ده‌رمان بۆ ئاواره‌كان بەجیا رەوانە دەكرێت له‌و 17%یە نابێت كه‌ بۆ هه‌رێم دیاریكراوه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ ساڵانى رابردوودا ئه‌و پشكه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دیاریكرابووو تەنیا لەسەدا 45%ی دەهات سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر ئاواره‌ و شه‌ڕى داعش.

روونیشیكرده‌وه‌: تاوەكو ئه‌م مانگه‌ش به‌شه‌ ده‌رمانى هه‌رێم لەسەر شێوازی ساڵی رابردوو بۆ هه‌رێم رەوانەكراوه‌، بەڵام چاوەڕێده‌كه‌ین دواى جێبه‌جێكردنى یاسای بودجه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنەوە و ده‌رمان به‌ڕێژه‌ى له‌ 17% بگاته‌ هه‌رێم.

ئەوەشیخستەڕوو: له‌ بودجه‌ى عێراق له‌مساڵدا بودجه‌ى كه‌رتى ته‌ندروستى زیادكراوه‌، به‌مه‌ش هه‌رێم پشكى زیاتر له‌و رێژه‌یەى ساڵانى رابردووی به‌رده‌كه‌وێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure