ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی هەڵبژێردرا

هەواڵ / کوردستان :: 01/02/2019‌ :: 596‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
نۆ كەس وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵبژێردران، سەرۆكی ئه‌و حیزبەش ده‌ڵێت :"هاودیدەکانمان سەلماندیان ئازادن لەبڕیاردان بۆ چارەنووسی خۆیان".


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هه‌ینى 1ى شوبات، لە هۆتێل گراند میلینیۆم لە شاری سلێمانی، كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سیاسی به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا زیاتر لە 239 هاودید بەشداربوون، دەنگیان بە هەڵبژاردنی 9 ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی -دا كه‌ بریتیبوون له‌: سەرگوڵ قەرەداغی، موئمین زەڵمی، كاروان حەمەساڵح، خەتاب عومەر،  شۆخان ڕەزا، محەمەد عەبدوڵا، عوسمان گوڵپی، ڤالانتینا عەبدولرەحمان و ئومێد جاف.

ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و رایگەیاند :"رۆژی 9ى تشرینى یه‌كه‌م، بەدەنگی ئێوە بڕیاردرا دەبێت هاوپەیمانی بەردەوامبێت".

وتیشى :"ئێوە سەلماندتان كە ئازادن لەبڕیاردان بۆ چارەنووسی خۆتان، ئەمڕۆش هەمووان بڕیاری بەهێزكردن و بەرفراوانكردنی هاوپەیمانی دەدەن".

هاوكات د.ئاڤێستا كەمال، یاریدەدەری هاوپەیمانی نیشتمانی بە دواڕۆژی راگەیاند :"دوای گۆڕینی ناوەكەمان، هەوڵماندا، پێكهاتەی نوێی حیزب دەستپێبكەینەوە، ئەمڕۆش كۆتا پڕۆسەی پێكهاتەكەمان كە هه‌ڵبژاردنى نۆ ئەندامه‌ به‌ڕێوه‌چوو. ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م ئه‌ندامانه‌ هێنده‌ى دەسەڵاتی ئەنجومەنەكانی (نوێنەران و جێبەجێكردنە)، پەیوەنديە دبلۆماسییەكان رێكدەخه‌ن".

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure