پێنجوێن گه‌شتیارانى خلیسكێنه‌ى سه‌ر به‌فر كۆده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/02/2019‌ :: 482‌ جار بینراوە
دیمه‌نێكى فێستیڤاڵه‌كه‌

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
لەماوەی پێنج رۆژی فیستیڤاڵی سپی بۆ خلیسكێنەی سەر بەفر، 800 گەشتیار لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم سەردانی قەزای پێنجوێنیان کردووە.


زانیار عەبدوڵا، سەرپەرشتیارى فیستیڤاڵ و راهێنەری خلیسكێنەی سەربەفر لە پێنجوێن بەدواڕۆژی راگەیاند :"دوای ئەوەی لەكۆتایی مانگی رابردوودا، فیستیڤاڵی هەفتەی سپی خلیسكێنەی سەربەفر كە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن رێکخرا، لەو ماوەیەدا میوان و گەشتیارێكی زۆر هاتنە سنورەكەمان".

وتیشی :"فیستیڤاڵەكە ئاهەنگ و گۆرانی وتن و چەندین چالاكی تری لەخۆگرت و گەشتیاران لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان و عێراق هاتنە پێنجوێن بۆ ئاشنابوون بەوەرزشی خلیسكێنەی سەربەفر و رۆژانە بە دوو كات گەشتیاران سەردانیان كردوین".

روونیشیكردەوە :"بەپێی ئاماری سەنتەری پەرەپێدانی گەنجان، لەماوەی  فیستیڤاڵەكەدا، 800 گەشتیار بۆ ئاشنابوون بەم وەرزشە هاتونەتە پێنجوێن، ئەمەش ڕێژەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ زیادكردنی گەشتیاران بۆ ناوچەكەمان بەتایبەتی لە وەرزی بەفربارین و زستاندا".

ئاماژەی بەوەشكرد :"ئومێدەوارین بۆ ساڵانی داهاتوو زیاتر پەرەبدرێت بە وەرزشی خلیسکێنەی سەربەفر و سەنتەرێكی تایبەتی بۆ بكرێتەوە، تاكو گەشتیاران تێیدا بمێننەوە و كەشێكی ئارامی تێدا بەسەربەرن".

 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure