زانکۆیەکی هەرێم تێچووی ئاهەنگی هاوسەرگیری خوێندکاران لە ئەستۆ دەگرێت

هەواڵ / کوردستان :: 01/02/2019‌ :: 3523‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ رایدەگەیەنێت: ئه‌و كوڕ و كچه‌ خوێندكارانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت هاوسه‌رگیرى ئه‌نجامبده‌ن، خەرجی ئاهه‌نگى هاوسه‌ر گیرییه‌كەیان لە ئەستۆی زانکۆی هەڵەبجە دەبێت.


پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر ته‌حسین عه‌بدولكه‌ریم، سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و چالاكییانه‌ى كه‌ بۆ یادى 31 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ چالاكى تایبه‌ت به‌ خۆمان ده‌بێت.

وتیشی: یه‌كێك له‌و چالاكییانه‌ی كه‌ له‌ڕۆژی 16 ئازاری ئه‌مساڵدا  له‌نێو كه‌مپی زانكۆ به‌رێوه‌ده‌چێت به‌ڕێوه‌چوونى ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌ بۆ 16 خوێندكاری زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ رۆژی 16ی ئازار، ده‌مانه‌وێت له‌م چالاكییه‌دا به‌ هه‌مووان بڵێین كه‌ ژیان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وامه‌ و درێژه‌ى پێده‌ده‌ین، بۆیه‌ داوا له‌و كوڕ و كچه‌ خوێندكارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ نیازى ئه‌نجامدانى هاوسه‌رگیرن یاخود له‌ قۆناغى دستگیرانیدان ناوى خۆیان له‌سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ تۆماربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداربن له‌و چالاكییه‌دا".

سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "سه‌رجه‌م تێچووی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرین هاوكات پێشوازیش له‌ هه‌ر كۆمپانیا و كه‌سایه‌تى و ده‌زگایه‌كیش ده‌كه‌ین كه‌ بتوانێت تێچووى ئاهه‌نگى هاوسه‌رگیرى ئه‌و كوڕ و كچه‌ خوێندكارانه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure