سەركردەیەكی یەكێتی: ئەگەر ئیرادە لای پارتی هەبێت رێككەوتن لەسەر پرسەكان قورس نییە

هەواڵ / کوردستان :: 31/01/2019‌ :: 969‌ جار بینراوە
لۆگۆی یەکێتی و پارتی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دایەوە بۆ رێككەوتن لەسەر پرسەكانی هەردوولایان و دەڵێت: "ئەگەر ئیرادە لای پارتی هەبێت، رێككەوتن لەسەر پرسەكان قورس نییە".


ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری هەولێر، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو: ئەولەویەت لای پارتی پێكهێنانی حكومەتی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، پاشان رێككەوتن لەسەر وەزارەتی دادی عێراق و پارێزگاری كەركوك.

لەبەرامبەردا فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: رێككەوتن لەسەر هەر سێ بابەت (هەرێمی كوردستان و بەغدا و كەركوك) كارێكی قورس نییە، چونكە كاتێك هاوپەیمانی كوردستانی هەبوو، رێككەوتن لەسەر هەر سێ بابەتەكە هەبووە، ئەوەی یەكێتی داوای دەكات یەكەمجار نییە پارتی و یەكێتی لەسەری رێككەوتبن، بۆیە ئەوەی فازڵ میرانی دەیڵێت: "خۆدزینەوەیە لەوەی ئەوان و پارتی رێككەوتنێكیان لەسەر كەركوك و بەغدا هەبێت".

ئەسەسەرد روونیكردەوە، ئەوەی بەغدا تەنها پەیوەندی بەوەزارەتی دادەوە هەیە و كەركوكیش تەنها پەیوەندی بەپارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاوە هەیە، لەبەرئەوە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسانە قورس نییە، ئەگەر ئیرادەیەك لەلایەن پارتییەوە هەبێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure