سووپای ئه‌مریكا: ئێران سوودمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ داگیركردنی عێراق

هەواڵ / عێراق :: 01/02/2019‌ :: 464‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
هێزه‌كانی پیاده‌ی ئه‌مریكا له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ده‌رباره‌ی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، ئاماده‌ى كردوه‌، تیایدا ئێران به‌نه‌ترس و فراوانخواز  وه‌سف ده‌كات به‌  براوه‌ی یه‌كه‌مى داده‌نێت.


راپۆرته‌كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ ئێستا نهێنی نین و تایبه‌تن به‌ پرۆسه‌ی داگیركردنی عێراق و بزووتنه‌وه‌كانی به‌ره‌نگاری كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا و پاشان كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌ركه‌وتن.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت :"جه‌نگی عێراق زیانی زۆری گه‌یاند به‌ گه‌لی ئه‌مریكا و به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سوپا و سیاسه‌ت له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا و له‌م ئه‌زموونه‌ سوپای ئه‌مریكا په‌ندی وه‌رگرت، كه‌ نابێت ئیتر ده‌ستپێشخه‌ری بكات بۆ داگیركردنی هیچ وڵاتێك له‌ڕێگه‌ی هێزى  گه‌وره‌ی پیاده‌وه‌". 

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌رگیز هێزی ته‌واوی نه‌نارد بۆ قه‌ڵاچۆكردنی یاخیبووه‌ سوننه‌كان و میلیشیا شیعه‌كانی له‌ عێراقدا، له‌كاتێكدا  ئێران و سوریا پشتیوانی و جێگه‌ی پێویستیان بۆ چه‌كداره‌ سوننه‌ و شیعه‌كان دابین ده‌كرد، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هیچ ستراتیجێكی گشتگیری نه‌بوو بۆ ریگرتن له‌و مه‌سه‌له‌یه‌. 

راپۆرته‌كه‌جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراقدا شكستیهێنا، چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ هێزی پێویستیان ره‌وانه‌ نه‌كرد بۆ عێراق.  هه‌روه‌ها ده‌ڵێت :"هه‌وڵه‌كانی مه‌شقكردن به‌ سوپای عێراق به‌ رابه‌رایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بووه‌ و سوپای عێراق زوو دۆسیه‌ی ئه‌منی عێراقی گرته‌ ده‌ست". 

سه‌باره‌ت به‌ دیل و ده‌ستگیركراوه‌كان راپۆرته‌كه‌ ئاشكراى كردوه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ستراتیجێكی نه‌بوو بۆ دادگایكردنیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆریان پاش ئازادكردنیان چه‌كیان هه‌ڵگرته‌وه‌. 

راپۆرته‌كه‌ى هێزه‌كانى پیاده‌ى ئه‌مریكا، كة ساڵی 2016 ئاماده‌كراوه‌ و پێشتر رێگه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ى نه‌دراوه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ ده‌ڵێت :"مه‌رج نییه‌ هه‌میشه‌ دیموكراسی بتوانێت سه‌قامگیری بهێنێت و ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2005 گرژی و ئاڵۆزی تایفی و نه‌ته‌وه‌ی به‌هێزتركرد".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure