سلێمانی؛ ئەمشەو رێڕەوی هەندێك شەقام لادەبرێن

هەواڵ / کوردستان :: 31/01/2019‌ :: 717‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وا بڕیارە لە سبەینێ 1-2-2019ەوە گۆڕینی ئاڕاستەی هەندێك لەشەقامەكانی شاری سلێمانی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و چەند رۆژێك وەكو تاقیكردنەوە بەردەوام دەبێت.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی، عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی وردەكاری گۆڕینی ئاڕاستەی هەندێك شەقامیان خستەڕوو.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: لەسبەینێوە گۆڕانكاری هاتووچۆ هەندێك لەشەقامەكان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، جگە لەوەش سەرقاڵی چەند پڕۆژەیەكی دیكەن ئەوانیش، بایەخدان بەگواستنەوەی گشتی، دیاریكردنی هێڵ بۆ پاسەكان تایبەت بەگواستنەوەی هاوڵاتیان، سێیەم: پاركینگی شەقامەكان كە بەشێوەیەكی رێكوپێك بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی دروستیان دەكەن، هەروەها لابردن و كردنەوەی ئەو رێگەیانەی كە بەڕێگای خزمەتگوزاری لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود هەیە كە هاتووچۆ تێیدا خێراتر بكرێت.

هاوكات عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت بەم پڕۆژەیە دۆخی هاتووچۆ لەئێستا باشتر بكەن، چونكە سەرجەم گرفتەكان 100% چارەسەر نابن، ئەمشەویش تیمەكانیان سەرقاڵی چاككردنی شەقامەكان دەبن بۆ ئەوەی تا سبەینێ بەكاربهێنرێن. 

بەپێی بڕیاری گۆڕینی ئاڕاستەی هەندێك شەقام، لەسبەینێوە شەقامی مەولەوی هاتوچۆ تێیدا پێچەوانە دەبێتەوە واتە دەبێتە یەك ئاڕاستە لەسەراوە بۆ سلێمانی پاڵاس، هاتووچۆ لەشەقامی قایمقامیەت بۆ سەرەوە دەبێتە یەك ئاڕاستە و نێوانبڕ نامێنێت، شەقامی قەناتیش دەبێتە یەك ئاڕاستە بۆ شەقامی پیرەمێرد، هەروەها شەقامی پیرەمێردیش دەبێتە یەك ئاڕاستە بۆ خوارەوە تا بەردەركی سەرا.
 
پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure