عێراق گرێبه‌ستى هه‌ڵكه‌ندنى 40 بیرى نوێ له‌ كێڵگه‌ى مه‌جنون واژۆده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 31/01/2019‌ :: 241‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدان و زیادكردنى به‌رهه‌مهێنان، به‌سه‌رپه‌رشتى وه‌زاره‌تى نه‌وت، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ى كانوونى دووه‌م گرێبه‌ستى هه‌ڵكه‌ندنى 40 بیرى نه‌وتى نوێی له‌ كێڵگه‌ى مه‌جنوون له‌نێوان دوو كۆمپانیاى ناخۆیی عێراقى واژكرا.


به‌پێى راگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى نه‌وتى سامر ئه‌لغه‌زبان، جێگیرى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌زیرى نه‌وت له‌ رێوره‌سمى واژكردنى گرێبه‌سته‌كه‌دا رایگه‌یاندوه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌ى سوره‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى كێڵگه‌ى مه‌جنون و زیادكردنى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وته‌كه‌ى به‌تواناى ناوخۆیی. 

گرێبه‌سته‌كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو كۆمپانیاى نه‌وتى به‌سڕه‌ و كۆمپانیاى كنه‌وهه‌ڵكۆڵینى عێراق واژكراوه‌ و وه‌زیرى نه‌وتیش گرێبه‌سته‌ى به‌هه‌نگاوێكى گرنگ وه‌سفكردوه‌ بۆ به‌هێزكردنى تواناى ناوخۆى له‌ بوارى نه‌وت.

هاوكات ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى نه‌وتى به‌سڕه‌ رایگه‌یاندوه‌، ئه‌و گرێبه‌سته‌ى ئه‌مڕۆ واژكراوه‌ بۆ ته‌واوكردنى پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ى نه‌وتى مه‌جنونه‌ كه‌ پێشینى ده‌كه‌ن تا ساڵى 2021 ئاستى به‌رهه‌مهێنانى بگاته‌ 450 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.
 
لایخۆشیه‌وه‌ باسم محه‌مه‌د خزه‌یر، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى كنه‌وهه‌ڵكۆڵینى عێراقى رایگه‌یاندوه‌ واژۆكردنى گرێبه‌ستى لێدانى 40 بیرى دیكه‌ له‌ كێڵگه‌ى مه‌جنون تواناى كۆمپانیاكه‌یان زیاتر به‌رزده‌كاته‌وه‌ و جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌  كۆمپانیاكه‌یان خاوه‌نى توانایه‌كى ته‌كنیكى به‌رزو پێشكه‌وتووه‌ و چه‌ندین بڕانامه‌ى (ئیزۆ)ى هه‌یه‌.

ئا:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure