پارتی: پەیوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ یەکگرتوو لەهاوپەیمانیش بەهێزتربووە

هەواڵ / کوردستان :: 31/01/2019‌ :: 312‌ جار بینراوە
کۆنگرەی رۆژنامەوانی پارتی و یەکگرتوو

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ی كانوونی دووه‌می 2019 شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، سه‌ردانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی و شاندێكی یاوه‌ری پێشوازییان لێكرا.

دوای نزیكه‌ی كاتژمێرێك له‌ كۆبوونه‌وه‌  هه‌ریه‌كه‌ له‌ خه‌لیل ئیبراهیم، وته‌بێژی یه‌كگرتوو و مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ئاشكرا كرد. 

وته‌بێژی یه‌كگرتوو جەختی لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوونی حزبه‌كه‌ی کردەوە و رایگه‌یاند: چاودێر دەبن بەسەر حکومەت و هەوڵی چاکسازی دەدەن.

داواشیکرد: ئەوانەی بەشداری حکومەت دەکەن خزمەتی باشی خەڵک بکەن و سەقامگیری هەرێم لە بەرچاو بگرن، چونكه‌ هه‌موو حیزبه‌كان قه‌رزاری خه‌ڵكی كوردستانن و ده‌بێت پرسی چاكسازی به‌كردار له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ئه‌نجامبدرێت. 

لای خۆشیه‌وه‌ مەحمود محەمەد، وته‌بێژی پارتی وتی: "پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وامان لێبکات یەک ریز بین و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت رۆڵی هەبێت لە چاککردنەوەی کێشەکانی حکومڕانی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پێشتر لەگەڵ یەکگرتوو پەیوەندی دووقۆڵیمان لە هاوپەیمانیش بەهێزتر بووە و ئه‌مڕۆش كه‌ سه‌ردانمان كردوون بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخه‌كه‌بین.

وته‌بێژی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: رووداوەکانی وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی کەنداو لە هەڵکشاندان و ئەمانەش کاریگەری راسته‌وخۆی لەسەر هەرێم دەبێت، بۆیە پێویستە کورد هاوهەڵوێست بین بۆ ئەوەی نەبینە سوتەمەنی كێشه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌. 

یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان كه‌ خاوه‌نی پێنج كورسییه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریدا به‌شداری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كات و له‌ چوار ساڵی داهاتوودا ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

شاندی پارتی پێكهاتوه‌ له‌ فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی، مه‌حمود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، هێمن هه‌ورامی، عه‌لی حوسێن، دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی.

شاندی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان پێكهاتوه‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو، خه‌لیل ئیبراهیم، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی، سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن، سه‌میر سه‌لیم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، محه‌مه‌د هاودیانی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كگرتوو.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure