سوپاى عێراق ره‌وانه‌ى ناوچه‌یه‌كى كوردستانی ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 31/01/2019‌ :: 1829‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
بۆ باشتركردنى ره‌وشى ئه‌منى خانه‌قین هێزێكى سوپاى عێراق و ئاسایشى گه‌رمیان ره‌وانه‌ى ناوچه‌كه‌ ده‌كرێن و هێزه‌كانى پۆلیسى دیاله‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دورده‌خرێنه‌وه‌. 


وشیار ئیسماعیل، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ى كانونى دووه‌مى 2019 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بریاردراوه‌ فه‌وجى 8ى پۆلیسى فیدراڵى له‌ خانه‌قین كه‌ له‌ ناوچه‌كانى نێوان خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ده‌وروبه‌رى خانه‌قین دابه‌شكراون بگه‌رێنرێنه‌وه‌ بۆ دیاله‌ و له‌ شوێنه‌كانیان فه‌وجى 5ى لیواى 3ى سوپاى عێراق له‌ دیاله‌وه‌ ره‌وانه‌ى ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت. 

وتیشى: "ئه‌م گۆڕانكارییه‌ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ماوه‌یه‌كه‌ چه‌كدارانى داعش له‌ سنوورى خانه‌قین په‌لامار و كرده‌وه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك پۆلیس و ئاسایش و بوونه‌ته‌ قوربانى و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزبووه‌ و بووه‌ته‌ جێی مه‌ترسی بۆ هاووڵاتیان". 

وشیار ئیسماعیل باسیشى له‌وه‌كرد: هاتنى سوپاى عێراق بۆ سنوورى خانه‌قین رۆڵى باشترى ده‌بێت له‌ كۆنترۆڵكردنى لایه‌نى ئه‌منى ناوچه‌كه‌، چونكه‌ سوپا زیاتر كاروبارى سه‌ربازى ئه‌نجامده‌دات و كه‌متریش له‌ژێر كۆنترۆڵى لایه‌نه‌ حیزبى و به‌رپرسانه‌ و ئه‌مه‌ش واده‌كات كارى باش و رۆڵى باشیان هه‌بێت له‌ دابینكردنى ئاسایش بۆ سنووره‌كه‌. 

په‌لامار و كرده‌وه‌كانى چه‌كدارانى داعش له‌ خانه‌قین بووه‌ته‌هۆى نیگه‌رانى و ترس و دڵه‌ڕاوكێ لاى هاووڵاتیان و سه‌دان هاووڵاتی به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كۆچیان كردووه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure