گاندى.. سیمبولى ئاشتى به‌ سێ گولـله‌ كوژرا

هەواڵ / که‌لتور :: 30/01/2019‌ :: 419‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ
موهانداس كه‌ره‌مشاند گاندى (1869-1948) كه‌ به‌ مه‌هاتما گاندى ناوى چووه‌ته‌ مێژووى ئاشته‌وایى مرۆڤایه‌تیه‌وه‌، سه‌ركرده‌ى رۆحیى هندستان بوو له‌ بزووتنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى وڵاته‌كه‌یدا و پێشه‌نگى مانگرتنى سه‌رتاسه‌ریى بوو كه‌ سه‌ربه‌خۆیى هندستانى لێكه‌وته‌وه‌.


رێبازى به‌رگریى ئاشتیخوازانه‌ى گاندى، سه‌رچاوه‌ى ئیلهامبه‌خشى به‌شێكى زۆرى بزاڤ و كۆمه‌ڵه‌ و ده‌سته‌ و رێكخراوه‌ مرۆییه‌ ئاشتیخوازه‌كانى سه‌رانسه‌رى جیهانه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاشتى و دوور له‌ توندوتیژى داواى پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیانى مرۆڤه‌كان ده‌كات به‌بێ ره‌چاوكردنى ره‌گه‌ز و ره‌نگ و بیروباوه‌ڕ و ئاست و ته‌واوى ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى تر كه‌ مرۆڤه‌كانى له‌یه‌كتر جیاكردووه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ گاندیى كردووه‌ته‌ سیمبولى ئاشتى له‌ هه‌موو جیهاندا و له‌ ناوخۆى وڵاته‌كه‌یشیدا بێجگه‌ له‌وه‌ى ناسناوى (باوك) و (رۆحى مه‌زن)ى دراوه‌تێ، رۆژى له‌دایكبوونه‌كه‌یشى كه‌ رێكه‌وتى 2ى تشرینى یه‌كه‌مه‌، كراوه‌ته‌ پشووى نیشتمانى و له‌ جیهانیشدا ئه‌و رۆژه‌ رۆژى نێوده‌وڵه‌تیى ناتوندوتیژى-یه‌.

گاندى كه‌ چه‌ندین ساڵى له‌ به‌ندیخانه‌كانى هندستان و ئه‌فریقاى باشووردا به‌سه‌ربردووه‌، ساڵى 1915 له‌ تاراوگه‌ى ئه‌فریقاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هندستان و هێنده‌ى تر خه‌باتى سه‌ربه‌خۆخوازانه‌ى به‌ڕێگه‌ى ئاشتى و ناتوندوتیژیى په‌ره‌پێدا و كه‌وته‌ سازكردنى خۆپیشاندان و مانگرتنى جوتیار و كرێكاران له‌ دژى زۆریى بڕى باج و جیاوازیكردن و هه‌ڵمه‌تى نیشتمانى بۆ سنوورداركردنى ئاستى هه‌ژارى و زیادكردنى مافه‌كانى ژن و پێكه‌وه‌ژیانى ئایینى و نیشتمانى و دڵ و سنگفراوانى و لێبوورده‌یى. 

یه‌كێك له‌به‌ناوبانگترین پرۆژه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى، "رێپێوانى خوێى داندى" بوو كه‌ له‌ ساڵى 1930 دا پێشڕه‌وایه‌تیى كرد و به‌ درێژایى400 كیلۆمه‌تر فروانترین رێڕۆیشتن ئه‌نجامدرا له‌ دژى بریتانیه‌كان كه‌ هندستان-یان داگیركردبوو. 

مه‌هاتما گاندى، به‌وپه‌ڕى ساكاریى ژیا، هه‌مان جلوبه‌رگى هه‌ژارانى وڵاته‌كه‌یى ده‌پۆشى و به‌ردوام خۆى له‌سه‌ر خۆڕاگریى بۆ ناڕه‌حه‌تى و برسێتى و ...هتد راده‌هێنا و داواى له‌ خه‌ڵكه‌كه‌یش ده‌كرد هه‌مان پره‌نسیپ په‌یڕه‌و بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگه‌ى نه‌هامه‌تیه‌كان بگرن و درێژه‌ به‌ خه‌باتى ئاشتیانه‌ى خۆیان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییدا بده‌ن.

ئه‌و سیمبوله‌ى ئاشتى، پێنج جار هه‌وڵى تیرۆركردنى دراوه‌ و له‌ شه‌شه‌م جاردا توندڕه‌وێكى هندۆسى له‌ رۆژى 30ى كانونى دووه‌مى 1948 به‌ سێ گولـله‌ كوشتى. 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure