كێشەی رووخانی چه‌ند پردێك دەبرێنه‌ ئەنجومەنی پارێزگا

هەواڵ / کوردستان :: 31/01/2019‌ :: 177‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، چه‌ند پردێك له‌ سنوری قه‌زای پێنجوێن روخاون، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: "كێشەی رووخانی ئەو پردانە دەبەینە ئەنجومەنی پارێزگا".


عەلی دەرەمیانی، دانیشتوی گوندی دەرەمیانی سەر بەناحیەی ناڵپارێز، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو پردەی ناحیەی ناڵپارێزی سەر بەقەزای پێنجوێن و قەزای چوارتا لەناوچەی شارباژێری سنووری پارێزگای سلێمانی بە یەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمڕۆ بەیەكجاری بەهۆی زۆری ئاوی باران و هاتنی لافاو رووخاوه‌و لەئێستادا هاتووچۆى لەو سنوورە پەكخستووە".

وتیشی: "داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كرد و حەفارەی كۆمپانیایەك هات هاوكاریكردین و عەمودی كارەباكەی لە لافاو پاراست، بەڵام بەداخەوە لەتاوەرێكی كارەبای داوەو بێكارەبای كردووین".

هاوكات عەتا كەریم، یەكێك لەشۆفێرانی بارهەڵگر لەمەرزی سەیران بەن، بۆ دواڕۆژ وتی: "هەر بەهۆی زۆری بارانبارینەوە،  پردەكەی ڕێگای سەرەكی مەرزی نیمچە رەسمی سەیران بەن لەسنووری ناحیەی گەرمكی سەر بەقەزای پێنجوێن، بەهەمانشێوە مەترسی زۆری لەسەر دروستبووەو ئەگەری ڕوخانی هەیە".

ناوبراو وتی: "بۆ ئەوەی ڕووداوی نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین هەرچی زووە هەوڵی چاككردنی بدەن".

لەلایەكی ترەوە، ئیسماعیل عەلی، نوێنەری قەزای پێنجوێن لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ دواڕۆژ وتی : "لەئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی كوردستان و سنوورەكەی گرتەوە، ئەو پڕدە كاتیەی كە ڕێگای (پێنجوێن – سلێمانی) بە یەكەوە دەبەستێتەوە، بەتەواوی ئاو بردویەتی و ئاستەنگی زۆری بۆ هاتووچۆی شۆفێران و  هاووڵاتیان دروستكردووە".

ئیسماعیل عەلی داوا له‌ لایەنە پەیوەندیدارەكان ده‌كات دوای كۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین، كێشەی ئەو پردە كاتیە چارەسەر بكەن، ده‌ڵێت: "ئێمەش وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، كێشەی ئەو پردە و سەرجەم پردەكانی تر كە خراپ دروستكراون و رووخاون دەبەینە ئەنجومەنی پارێزگا".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە