پارتى و كۆمه‌ڵ بۆ دوو مه‌به‌ست كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 30/01/2019‌ :: 357‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان و تاوتوێكردنى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم، سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ شاندێكى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌هه‌ولێر سه‌ردانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان ده‌كات.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاره‌ سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ وه‌فدێكى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌هه‌ولێر سه‌ردانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بكات و له‌گه‌ڵ عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵ كۆببنه‌وه‌.

له‌باره‌ى هۆكارى سه‌ردانه‌كه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتى: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ دوو مه‌به‌سته‌، له‌وانه‌ ئاسایكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان كۆمه‌ڵ و پارتى كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوو گرژى و ئاڵۆزى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌روه‌ها داواكردنى پارتى بۆ به‌شداریكردنى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم".

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ چه‌ند پۆستێكى وه‌زارى به‌شدارى حكومه‌تى كرد، به‌ڵام دواتر له‌ حكومه‌ت كشایه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure