خه‌رجكردنى مووچه‌كانى ساڵى رابردوو
فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانین و شاره‌زایانیش هۆشداریده‌ده‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 31/01/2019‌ :: 2821‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆڕتى زریان محەمەد
دەنگۆی خه‌رجكردنى مووچه‌كانى ساڵى رابردوو بۆته‌ مایه‌ى دڵخۆشى فەرمانبەران، بەپێی شارەزایانی ئابوریش له ئه‌گه‌رى دابەشکردنی پێكه‌وه‌ ترسى زیادبوونى نرخ هه‌یه‌ و  چاودێری بازرگانیش دەڵێت: رێگری لە ھەر گرانبونێک دەکەین لە بازاڕەکاندا.


ئەگەرى دابەشکردنى سێ مووچەى ساڵى رابردوو لەلایەن هەرێمەوە لەپاش قەرەبووکردنەوە لەلایەن حکومەتى بەغداوە یەکێکە لەو پرسانەى لەسەر ئاستى رەسمى و گشتى تاوتوێدەکرێت.

ئەگەرچى هەواڵەکە بۆ مووچەخۆران مایەى ئومێدە، بەڵام هێشتا نەبووەتە جێى متمانە و شارەزایانیش باس لە کاریگەرییەکانى لەسەر بازاڕ دەکەن، بەتایبەتیش گرانبوونى نرخ و هەڵئاوسان.

دکتۆر خالید حەیدەر، مامۆستای زانکۆ بەدواڕۆژی وت: "ھەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکی ھەڵئاوسانی ئابوری گرانکردنی نرخە لەلایەن کاسبکارانەوە، بەوپێیەی خواست لەسەر کاڵاکان زۆر دەبێت بەتایبەت خواردەمەنی و جلوبەرگ، کە فەرمانبەران بایه‌خى زۆری پێدەدەن".

وتیشى: "ماوەیەکە فەرمانبەر وه‌ك پێویستى گرنگی بەو بابەتانە نەداوە و کۆمەڵێک فەرمانبەریش قەرزدارن بەھۆی ئەو پارەیەوە قەرزەکان دەدەنەوە، بەشێکی دیكه‌یان ئەوانەن کە ترسیان لەوە ھەیە مووچەکە جێگیرنەبێت، چونکە رێکكەوتن لەگەڵ بەغداد وەک کەشوھەوا وایە دەگۆڕێت و فەرمانبەران ھەڵیدەگرێت بۆ کاتێک کە رەوشەکە نەک تێکبچێتەوە".

ئەو مامۆستای زانکۆیە پێیوایە: "بەشێکی زۆر لەفەرمانبەران رودەکه‌نە بازاڕ و به‌هۆیه‌وه‌ ھەڵئەوسان دروست دەبێت، بۆیه‌ پێویستە حکومەت گەر پلانی سێ مووچەی ھەبێت دەبێت بە چەند بەشێک بیدات تا بەو شێوەیە ھەڵئاوسان رونەدات".

"زۆر بڕوا بەوە ناکەم کەحکومەتی ھەرێم سێ مووچە بدات بە فەرمانبەران" ئه‌مه‌ وته‌ى فه‌رمانبه‌رێكه‌.

ئاکۆ کەریم، فەرمانبەری حکومی بۆ دواڕۆژ وتیشى: "ئەگەر ئەو پارەیە بشدرێت، زۆربەی فەرمانبەران قەرزارن دەبێ قەرزبدەنەوە، کۆمەڵێک فەرمانبەری زۆر پێداویستیان ھەیە و بیکڕن، بەڵام ناشوێرن زیاڕه‌وی لە خەرجکردنی پارەدابکەن".

له‌ به‌رامبه‌ردا چاودێری بازرگانی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ھەموو رێكارێك دەگرنەبەر، لەھەرکاتێکدا کە سێ مووچە به‌یه‌كه‌وه‌ بدرێت بە فەرمانبەر.

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی به‌ دواڕۆژى رایگه‌یاند: لەھەر کاتێکدا حکومەت سێ مووچە دابەشبکات، ئەوا پێشبینی ئەوە ناکەین یەکسەر بازاڕ کاریگەری بکەوێتەسەر، چونکە فەرمانبەر راھاتووە لەسەر ئەو پارە کەمەی وەریگرتووە یەکسەر پارەی زیاد خەرجناکات.

وتیشى: "به‌ڵام ئێمە چاودێری بازاڕ دەکەین، ھەر نرخێک لەپڕدا بەبێ ھۆکار بەرزبێتەوە یەکسەر لێپرسینەوە لەگەڵ کاسبکاران و کۆمپانیاکان دەکرێت و دەستبەسەر تەواوی ماددەکاندا دەگیرێت و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە".

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی دڵنیايی دەدات بەھاووڵاتیان کە رێگری تەواو دەکەن لەسەر گرانبوونی ھەر پێداویستیەکى ھاووڵاتیان.

پ: س. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure