دوا واده‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی كورد له‌ به‌غدا دیاریكرا

هەواڵ / عێراق :: 29/01/2019‌ :: 438‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
په‌رله‌مانتارێكى كورد رایده‌گه‌یه‌نێت: دوایین واده‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی كورد له‌ حكومه‌تی عێراق ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ ده‌بێت و ده‌شڵێت: "ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كاندید بۆ سه‌رجه‌م پۆسته‌كان ئاماده‌بكه‌ن".


مەیادە محه‌مه‌د نەجاڕ، ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ى كانونى دووه‌مى 2019 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پۆسته‌كانی كورد له‌ بریكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌لایه‌ن كورد پڕنه‌كراوه‌ته‌وه ‌و به‌شێكی زۆریشی له‌لای كورد بوون، به‌ڵام به‌ كه‌سانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی پڕكراونه‌ته‌وه‌.

وتیشی: "دوای هه‌وڵی زۆر، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بڕیاردراوه‌ هه‌ر پۆستێك كه‌ پشكی كورد بووه‌ بدرێته‌وه‌ كورد، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كوردیش كاندیدانی خۆی بۆ پۆسته‌كان ده‌ستنیشانبكات واته‌ نابێت پۆسته‌كان هه‌روا بمێنێته‌وه‌ و پڕینه‌كاته‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكرده‌وه‌: دوایین مۆڵەت بۆ ئەوەی کورد سەرجەم پۆستەکانی لە کابینەی نوێی عێراق پڕبکاتەوە مانگی حوزه‌یرانی 2019یه‌ و ده‌بێت لایه‌نه‌كان له‌هه‌رێم تا ئه‌وكاته‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

راشیگه‌یاند: سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق كه‌ جێگری دووه‌میان كورده‌، کار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆسته‌كان دەکەن، بۆیه‌ داوا لە حكومه‌تی ھەرێم و لایه‌نه‌كان دەکەین کاندید بۆ سەرجەم پۆستەکان دیاریبکەن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure