سەعدی پیرە هۆكارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى پارتی و یەکێتی ئاشكراده‌كات‎

هەواڵ / کوردستان :: 29/01/2019‌ :: 3842‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى ئاماده‌نه‌بوونى ته‌واوى ئه‌ندامانى لێژنه‌كانى باڵاى یه‌كێتى و پارتى كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان دواخراوه‌، ده‌ڵێت: "لێدوانى هه‌ندێك له‌ سه‌ركردایه‌تى و كادیرانى پارتى ژینگه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى نێوان یه‌كێتی و پارتیان تێكداوه‌".


بڕیاربوو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ى كانوونى دووه‌م، كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى نێوان مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى و پارتى له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكى نادیار دواخرا.

له‌باره‌ى هۆكارى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى گفتوگۆى نێوان پارتى و یه‌كێتى ئاماده‌ نه‌ده‌بوون، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ زۆر گرنگ بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانباشبوو هه‌موویان به‌شدارى بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ چه‌ند رۆژێك كۆبوونه‌وه‌كان دواده‌كه‌وێت".

وته‌بێژى یه‌كێتى ره‌تیكرده‌وه‌ لێدوانى به‌رپرسانى پارتى له‌سه‌ر كێشه‌كانى یه‌كێتى و شێوازى به‌شدارى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت هۆكارى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌كان بێت و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى: "هه‌ندێك دیمانه‌ى میدیایى و لێدوانى هه‌ندێك له‌ سه‌ركردایه‌تى كادیران و په‌رله‌مانتارانى پارتى له‌ میدیاكان باسیان له‌وه‌كردووه‌، ده‌بێت یه‌كێتى مه‌منوون بێت به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێ پێده‌كرێت، لێدوانى خراپن و  ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ژینگه‌ى گفتوگۆكان تێكده‌ده‌ن، به‌ڵام كاریگه‌رى زۆر گه‌وره‌یان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان نابێت".

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure