بازاڕى به‌ قاچاخ بردنی مه‌ڕو ماڵات له‌ (ورمێ)وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان گه‌رم ده‌بێت

هەواڵ / ئابوری :: 30/01/2019‌ :: 5422‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى ئازوو محه‌مه‌د
به‌خێوكردنى مه‌ڕوماڵات ئه‌و پیشه‌یه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئێستا سه‌رچاوه‌ی داهاتی زۆربه‌ی زۆری دانیشتووانی گونده‌كانی پارێزگای ورمێیه له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و ئێستاشدا به‌سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی ئابووری پارێزگاكه‌ داده‌نرێت و ساڵانه‌ به‌ هه‌زار ته‌ن به‌ربومى شیره‌مه‌نى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن.


به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكى ئاژانسى هه‌واڵى (ئیسنا)ی ئێرانی، به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌، كه‌ هه‌نارده‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێن، به‌ یه‌كێك له‌ به‌رهه‌مه‌ باشه‌كان ناسراون، به‌ڵام له‌ ئێراندا به‌گشتى و له‌ناو ئه‌و پارێزگایه‌دا له‌ پڕۆژه‌كانى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵداریدا له‌ پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنەلۆجییه‌كان دواكه‌وتوون و هه‌ر به‌ شێوازی كارده‌كه‌ن و ماڕوماڵات به‌خێوده‌كه‌ن.

كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئێستای كه‌رتى ئاژه‌ڵداری له‌ پارێزگای ورمێ به‌قاچاخبردنی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕوماڵات بۆ وڵاتانی دراوسێ و به‌ تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پرسه‌ ساڵانێكه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به‌ تایبه‌ت دوای سه‌پاندنه‌وه‌ى گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار بازاڕی گه‌رمی قاچاخی ئاژه‌ڵیشی گه‌رمكردوه‌.

جه‌لال مه‌حمودزاده‌، نوێنه‌ری شاری مهاباد له‌ په‌رله‌مانی ئێران و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانی ئێران له‌ لێدوانێكدا بۆ به‌شی ئابووری (ته‌سنیم) ده‌ڵێت: هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌ قاچاخ بردنی مه‌ڕوماڵات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ به‌شی هه‌نارده‌ی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕوماڵات و هه‌وڵ بۆ زیادكردنی سوو و قازانجی ئاژه‌ڵداران له‌ رێگه‌ی فرۆشتنیان به‌ ده‌ڵاڵه‌ بیانییه‌كانه‌.

مەحمود زاده‌ ده‌شڵێت: ته‌نیا له‌ 9 مانگی ساڵى 2018 دا بیست هه‌زار و 300 سه‌د سه‌ر مه‌ڕ و ماڵات به‌ قاچاخ براوته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

نوێنه‌ری مهاباد، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی پرسی به‌قاچاخی بردنى ئاژه‌ڵ به‌ جیاوازی نرخ ناوده‌بات و ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا نرخی هه‌ر كیلۆیه‌ك ئاژه‌ڵ به‌ شێوه‌ی قاچاخ 130 هه‌زار تمه‌ن و نرخی حكوومیشی 80 هه‌زار تمه‌نه‌، بۆیه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ نرخی فرۆشتندا بووه‌ته‌ هۆكارێكی دیكه‌ی زیادبوونی به‌قاچاخ بردنى مه‌ڕو ماڵات.

عه‌لیره‌زا عه‌زیز وڵاهی، سه‌رۆكی ئاژه‌ڵدرانی ئێران به‌ ئیسنای وتووه‌، ساڵانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن سه‌ر مه‌ڕوماڵات، له‌ سنووره‌ رۆژئاواییه‌كانی ئێران واته‌ ناوچه‌ سنوورییه‌ كوردنشینه‌كانی ئێران به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان، عێراق، توركیا و سعودیه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن و  ئه‌و ره‌وته‌ش له‌ ساڵی رابردوودا 10 ملیار دۆلار زیانی به‌ دواوه‌ بووه‌.

جه‌لال مه‌حموود زاده‌ له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت گۆشت به‌ نرخی جیهانی له‌ ئاژه‌ڵداران بكڕێت و ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ هاورده‌ی گۆشت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران دابینی ده‌كات، به‌ به‌خێوكه‌رانى گاودارى و ئاژه‌ڵداران بدات، كێشه‌ی قاچاخی مه‌ڕوماڵات چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure