كاردانەوەی پارتی لەبارەی دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ یەكێتی

هەواڵ / کوردستانی :: 29/01/2019‌ :: 3269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: دواخستنی كۆبوونەوەی حیزبەكەی و یەكێتی كاریگەری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و كۆبوونەوەی سێقۆڵیش دەبێت.

بڕیاربوو ئەمڕۆ لەشاری هەولێر، یەكێتی و پارتی لەئاستی باڵا كۆببنەوە، بەڵام نیوەڕۆ راگەیەندرا كە ئەو كۆبوونەوەیە دواخراوە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەگەر كۆبوونەوەكان كاتژمێرێكیش درەنگ بكەون كاریگەری خراپی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەبێت، چونكە خەڵك دەنگی داوە بۆ ئەوەی زوو حكومەتی نوێ پێكبێت و گرفتی خەڵك چارەسەر بكرێت، دیارە دواخستنەكە لەسەر داوای برادەرانی یەكێتی بووە و هۆكارەكە نازانن چییە.

ناوبراو روونیكردەوە: وەكو پارتی پەلەیانە بۆ زوو پێكهێنانی حكومەت و هیچ گرێكوێرەیەكیش نییە لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ، چونكە ئێستا تاڕادەیەك نەخشەی دابەشكردنی پۆستەكانیش كەمێك روونە، پێیوایە ئەگەر یەكێتی نیەتیان بێت زوو حكومەت پێكبێت، رەنگە لەیەك، دوو كۆبوونەوەی دیكە كۆتایی پێبێت.

سەبارەت بەكۆبوونەوەی پارتی و گۆڕانیش، سەركردەكەی پارتی روونیكردەوە: بڕیاربوو دوای یەكێتی، لەگەڵ گۆڕانیش كۆبوونەوە بكرێت، پاشان بۆ كۆبوونەوەی سێقۆڵی، بەڵام دواخستنی ئەم كۆبوونەوەیە كاریگەری بۆ كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕانیش دەبێت.

بەهۆی خۆپیشاندانەکەی ناحیەی شیلادزێ، ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەك كادیری یەكێتی دەستگیركران، دەربارەی ئەوەش ئایا ئەو دەستگیركردنانە هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی نەبووە؟، بڵند ئیسماعیل وتی: "پێموانییە ئەوە كاریگەری هەبێت، چونكە ئەم كوردستانە بێ كێشە و گرفت نابێت، جا هەر كێشەیەك هاتە پێشەوە و گلەییەك لەیەكدی كرا و ببێتەهۆی دواخستنی هەموو مەسەلە سەرەكییەكان، ئەوە كارێكی خراپە، چونكە ناكرێت لەشوێنێك رووداوێك روویدا، هەموو پرسەكانی دیكە رابگیرێن.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure