سه‌رجه‌م تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى سلێمانى خرانه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2019‌ :: 259‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى سلێمانى ئاشكرایده‌كات: سه‌رجه‌م بنكه‌ و تیمه‌كانیان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌ و 24 كاتژمێر له‌ ئه‌ركدا ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو به‌هۆى بارانه‌وه‌ هاووڵاتیان بپارێزن.


رێكان جه‌مال، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى سلێمانى به‌دواڕۆژى وت: "تا ئێستا به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى گرتۆته‌وه‌ ته‌نها چوار ماڵ ئاوى تێچووه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاپه‌مه‌نییه‌كانى سلێمانى كه‌مێك ئاو چووبوه‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌یانه‌وه‌، ئاوه‌كه‌مان سه‌حب كرد و هیچ زیانێكیان نه‌بوو".

وتیشى: "سه‌رجه‌م بنكه‌كانى به‌رگرى شارستانى خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌، هه‌روه‌ها تیمه‌كانى ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیشمان كراون به‌ دوو تیمى یه‌ده‌گى 24 كاتژمێرى و به‌رده‌وام له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیدان بۆ فریاكه‌وتنى هاووڵاتیان و شوێنه‌ گشتى و بازرگانییه‌كان بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو".

رێكان جه‌مال، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "ساڵانى رابردوو گه‌ڕه‌كه‌كانى (عه‌واڵ، كۆسته‌ى چه‌م، گوندى بابان)، به‌هۆى باراناوى چه‌مى قلیاسان مه‌ترسیان له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام ئێستا به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێشتر ئاڕاسته‌ى ئاوه‌كه‌مان گۆڕیوه‌ هیچ مه‌ترسییه‌كیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌".

وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى سلێمانى جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "سه‌رجه‌م ئامێره‌ پێویسته‌كانمان هه‌یه‌ و هیچ گرفتێكمان نییه‌، هاووڵاتیانیش ده‌توانن له‌ بونى هه‌ر حاڵه‌تێك په‌یوه‌ندى بكه‌ن به‌ هێڵى گه‌رمى (115) بۆ ئه‌وه‌ى به‌هانایانه‌وه‌ بچین".

 

هاوکات ڕزگار ئه‌حمه‌د، به‌رپرسى به‌شى خزمه‌تگوزارى له‌ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تیمه‌كانیان شه‌و و رۆژ له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشى و ئه‌ركدان، ده‌شڵێت: "داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین له‌ بوونى هه‌ر حاڵه‌تێك په‌یوه‌ندى بكه‌ن به‌ ژماره‌ (100)، بۆ ئه‌وه‌ى هیچ حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو روونه‌دات".

 

وتیشى: "به‌هۆى بارینى به‌لێزمه‌ى بارانه‌وه‌ گۆماو له‌ به‌شێك شه‌قامه‌كان و ژێر به‌رزه‌ پرده‌كان دروستبووه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كى قڕگه‌ چه‌و و لمێكى زۆرى له‌گه‌ڵ خۆى هێناوه‌ و ئاو چۆته‌ دوو ماڵه‌وه‌ و له‌ رێى تیمه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كى كانى كورده‌ش ئاو چۆته‌ ماڵێكه‌وه‌، به‌ڵام هیچ زیانێكى ماددى و گیانى نه‌بووه‌".


ماوه‌ى دوو رۆژه‌ شه‌پۆلێكى چڕى بارانبارینى به‌لێزمه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى و سلێمانى به‌تایبه‌تى گرتۆته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك زیان به‌ رێگاوبان و پرده‌كان گه‌یشتووه‌.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure