یه‌كێتى به‌رنامه‌یه‌كى نوێ پێشكه‌ش به‌ پارتى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2019‌ :: 986‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ئاشكرایده‌كات: به‌رنامه‌یه‌كى گشتگیر و وردیان نووسیوه‌ و سبه‌ینێ سێشەممە شانده‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌ پارتى دیموکراتی کوردستان ده‌كات، ده‌شڵێت : "ئه‌گه‌ر تێڕوانینى پارتى ته‌واو پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌كه‌مان بێت ئه‌وا پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ جێگه‌ى خۆى ده‌چه‌قێت".


فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت: "دوێنێ یەکشەممە و ئه‌مڕۆ لیژنه‌كانى یه‌كێتى سه‌رجه‌م كاره‌كانى خۆیان ته‌واوكرد و پوختمان كرده‌وه‌ و كراوه‌ته‌ به‌رنامه‌یه‌ك و دراوه‌ به‌ شاندى دانوستانكارمان بۆ ئه‌وه‌ى سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ پارتى گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ین".

وتیشى "به‌رنامه‌كه‌ى یه‌كێتى زۆر گشتگیره‌ و ورده‌كارى زۆریشى تێدایه‌ له‌باره‌ى شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستانه‌ بۆ چوار ساڵى داهاتوو، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ى هه‌ندێ میكانزمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ له‌ نێوانمان سه‌رهه‌ڵنه‌دات له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ رووى ئیداریى و سیاسى، به‌شێكى به‌رناكه‌مان په‌یوه‌ندى به‌ كه‌ركوك و پارێزگاره‌كه‌یى و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێمه‌ و پارتییه‌وه‌یه‌ هەیە له‌ به‌غدا، هه‌موو به‌رنامه‌كه‌ش بۆ ئێمه‌ یه‌ك پاكێجه‌".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "له‌ به‌رنامه‌كه‌ماندا باسى پرسى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و سه‌رجه‌م پۆسته‌كانمان كردووه‌، به‌ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیشه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسمان له‌ شێوازى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان كردووه‌ بۆ كابینه‌ى داهاتووى هه‌رێم".

باسى له‌وه‌شكرد: "له‌ به‌رنامه‌كه‌دا گرنگیمان به‌ سه‌قامگیریى و چاكسازى و خزمه‌تكردنى هاووڵاتیان و بابه‌تى دارایى و ئابوریى و نه‌وت و شه‌فافیه‌ت داوە، له‌ روانگه‌ى یه‌كێتى كابینه‌ى نوێ بریتى نیه‌ ته‌نها له‌ وه‌زاره‌ته‌كان، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك داموده‌زگاى گرنگ هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانه‌ و ئه‌وه‌شمان له‌ناو به‌رنامه‌كه‌دا خستۆته‌ڕوو".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "ئه‌و به‌رنامه‌یه‌مان رۆشنترین به‌رنامه‌مانه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى خوله‌كانى گفتوگۆى ده‌ستپێكمان كردووه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، تێیدا داواى ئه‌و پۆستانه‌شمان كردووه‌ كه‌ به‌ مافى خۆمانى ده‌زانین".

ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ رێككه‌وتنى نوێ نیه‌ له‌ نێوان یه‌كێتى و پارتى، به‌ڵكو به‌رنامه‌یه‌كه‌ بۆ كابینه‌ى نوێ و سیاسه‌ته‌كانى، پاش ئه‌وه‌ى په‌سه‌ند ده‌كرێت به‌شێكى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ پۆسته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ خێرا جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌شێكى دیكه‌شى ده‌بێت چوارساڵ پێكه‌وه‌ جێبه‌جێى بكه‌ین".

رونیشیكرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ رێكبكه‌وین ده‌بێت له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دیارى بكرێت و له‌ ماوه‌ى مانگێكیش كابینه‌ى نوێ پێكبهێنرێت".

ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌گه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ینێ پارتى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ى یه‌كێتى نیشاندا، ده‌توانێت مه‌سه‌له‌كه‌ خێراتر بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌رمى نه‌نواند و تێڕوانینى ته‌واو پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌كه‌ى ئێمه‌بوو ئه‌وا پرۆسه‌كه‌ له‌ جێگه‌ى خۆى ده‌چه‌قێت".

بڕیارە سبەی سێشممە یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لە شاری هەولێر کۆببنەوە.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure