لەسەر دەستگیركردنی ئەندامێكیان لەدهۆك داوای هەڵوێست لەگۆڕان دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2019‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ژمارەیەك بەرپرسی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستگیركردنی ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانییان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری دهۆك، داوای هەڵوێست لەبزووتنەوەكەیان دەكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ حاجی رێكانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەشاری دهۆك دەستگیركرا، بە وتەی فەرهاد رەشید، هەڵسوڕاوی گۆڕان لەدهۆك، دەستگیركردنەكە بەهۆی پشتگیری خۆپیشاندانە دژی توركیا. ئەوەش لەكاتێكدایە گۆڕان و پارتی چەندین كۆبوونەوەیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەستپێكردووە.


ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: دەستگیركردنی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی پەیوەندی بەڕووداوەكەی شیلادزێوە هەیە و لەگەڵ خەڵكی گشتی دەستگیركراوە، باوەڕ ناكەم ئەو رووداوە ببێتە تەگەرە لەبەردەم گفتوگۆكان، ئەگەر شتی دیكە نەبێتە تەگەرە.

هەروەها غالیب محەمەد عەلی، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: كاتێك رێككەوتنی (دەباشان) واژۆكرا چەندین لیژنە دروستكرا و دەستكرا بە كۆبوونەوە، دوای چەند ڕۆژێك چەند هەڵسوراوێكی گۆڕان لەلایەن هێزەكانی یەكێتی گیران، ئەو كاتە گۆڕان بڕیاریدا هەتا ئەو هەڵسوڕاوانە ئازاد نەكرێن كۆبونەوەكان بوەستێنن.


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكرد "كەواتە بەرپرسانی گۆڕان ئەگەر راستگۆن بەرانبەر رێبازی نەوشیروان مستەفا، دەبێت هەڵوێستیان هەبێت و كۆبونەوەكانیان سڕ بكەن لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی، چونكە بەڕۆژی نیوەڕۆ خەڵك دەفڕێنن و شەهیدیان دەكەن".


هەمانكات عەبدولڕەحمان عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند "لەبەرامبەر ئەو حوكمە عورفیە و رەشبگیری و گرتن و راوەدونانانەی دەرهەق بەچالاكوانانی مەدەنی و سیاسی و خۆپیشاندەران دەكرێت نابێت و ناكرێت گۆڕان و هێزە ئازادیخوازەكانی دیكەش تەنها تەماشاكەر بن و هیچ هەڵوێستێكی جدییان نەبێت".


ناوبراو روونیكردەوە، ناكرێت لەلایەك گفتوگۆو دانوستان هەبێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و لەلایەكی دیكەشەوە هەڵمەتێكی فراوانی گرتن و راوەدونانی نایاسایی هەبێت، بۆیە ئەم ڕوداو و پێشهاتانە پێویستیان بەهەڵوەستەیە و بێدەنگبوون لەئاستیاندا نیشانەی گەورەی پرسیار دروست دەكات.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure