ده‌زگاى سه‌رده‌م چەند کتێبێک چاپ دەکات

هەواڵ / که‌لتور :: 28/01/2019‌ :: 413‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م چه‌ند كتێبێكى نوێى چاپكردووه‌ كه‌ به‌دواى یه‌كدا ده‌خرێنه‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ختیار جه‌لال به‌رپرسى به‌شى فرۆشتنى كتێب له‌ ده‌زگاى سه‌رده‌م به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌شێك له‌ كتێبه‌كان له‌ ژێر چاپكردندان كه‌ ژماره‌یه‌كیان كارى وه‌رگێڕانن.


یه‌كێك له‌ كتێبه‌كان به‌ناوى "رۆشنبیر و میر" كه‌ ژماره‌ 47ى زنجیره‌ى دۆسیه‌ى سه‌رده‌مه‌، له‌م كتێبه‌دا كۆمه‌ڵێك وتار بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى پڕ له‌ كێشه‌ى نێوان رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاتى به‌رجه‌سته‌بوو له‌ فۆڕمى میردا، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسێكى ئه‌مڕۆى كۆمه‌ڵگه‌. 

یه‌كێكى تر له‌ كتێبه‌كان به‌ناوى "مێژووی هاوچەرخی ئێران: بیرەوەرییەکانی ئەفسەرێکی کورد لە سوپای ئێرانیدا" نووسینى سه‌رهه‌نگ مه‌حمود ئیرانپه‌نا، له‌لایه‌ن ره‌فعه‌ت مورادى كارى وه‌رگێڕانى بۆ كراوه‌، ئه‌م كتێبه‌ كه‌ پێكدێت له‌ 609 لاپه‌ڕه‌، تێیدا ئاوڕ دراته‌وه‌ له‌ مێژووى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى هاوچه‌رخى ئێران له‌نێوان ساڵى 1921 بۆ 1979. 

رۆمانی "برسێتی"ی نووسەری نەرویجی کنووت هامسوون یه‌كێكى تره‌ له‌ كتێبه‌ نوێیه‌كانى سه‌رده‌م كه‌ له‌ ئێستادا له‌ كتێبخانه‌كاندایه‌ و هاوده‌م ساڵح جاف له‌ زمانى نه‌رویجى-یه‌وه‌ وه‌ریگێڕاوه‌.

هه‌روه‌ها کۆمەڵەچیرۆکی " لەشفرۆش لەژێر نینۆکدا" نووسینى خالید رەسوڵ پوور و وه‌رگێڕانى ڤیدا قادری. كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكه‌ كه‌ زاده‌ى غه‌ریبى و دووره‌ وڵاتیه‌. 

كتێبى "گفتوگۆ فەلسەفییەکان" کە کۆمەڵێک گفتوگۆ لەخۆدەگرێت لەگەڵ فەیلەسووفانێکی وەک "لێڤیناس، رۆرتی، سڵۆتەردایک، لیوتار، ڤاتیمۆ".

یەکێکی تر لە بەرهەمە  نوێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کتێبى "سۆسیۆلۆژیاى توندوتیژى و تیرۆر"ه‌ له‌ نووسینی: دکتۆر ئیبراهیم ئەلحەیدەرى-یه‌ و  دانا مه‌لا ساڵح وه‌ریگێڕاوه‌.

"پوختەی مێژووی هونەر"یش كتێبێكى تره‌ كه‌ لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییه‌ لە بواری مێژووی هونەردا. ئەم کتێبە لە نووسینی پەرویز مەرزبان و وەرگێڕانیستار کەریم.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure