دیندار زێباری: تلكێف و حەمدانییە دادگا و گرتووخانەی تیرۆریستى تێدایە

هەواڵ / عێراق :: 28/01/2019‌ :: 255‌ جار بینراوە
دیندار زێبارى

دواڕۆژ،عیسا عه‌بدولقه‌هار
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: نزیكەی ٨٥%ی خەڵكی ناوچەى نه‌ینه‌وا ئامادەنین بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ده‌ڵێت: "تلكێف و حەمدانییە كراوە بە شارێكی سه‌ربازیی و دادگا و گرتووخانەی تیرۆریستى تێدایە".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ى كانوونى دووه‌م، دیندار زێبارى، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم راگه‌یاندراوێكى له‌باره‌ى ره‌وشى ئه‌منى ده‌شتى نه‌ینه‌وا بڵاوكرده‌وه‌.

دیندار زێبارى، رایگەیاندووه‌: بەپێی زانیارییه‌كانمان دەركەوتووە كە نزیكەی ٨٥%ی خەڵكی ناوچەكە دوای كۆنتڕۆڵكردنی شارەكەیان ئامادەنین بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، چونكە پێیانوایە بەهۆی ئەوه‌ى ژیانیان پارێزراو نابێت و ترسیان لە ژیانی خۆیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان و هەلی كار و رەوشی ئەمنی ناوچەكەیان.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، راشیگه‌یاندووه‌: ژمارەیەكی زۆر لە هێزی ئەمنی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بوونیان هەیە كە ژمارەیەك لەم هێزە ئەمنییانە فەرمی نین و ئەندامانی ئەم هێزانە لە خەڵكی ناوچەكە نین، بۆ ئەوەی كێشەی ئەمنیی ئەم ناوچانە چارەسەرببێت، دەبێت رەوشی ئەمنی ناوچەكە بدرێتە دەست كۆمەڵە هێزێكی ئەمنیی فەرمی، لەناویاندا پۆلیسی ئیتیحادی، پێشمەرگە و سوپای عێراقی، بۆ ئەوەی رۆڵێكی جددی ببینن لە دووبارە بنیاتنانەوەی رەوشی ئەمنیی ناوچەكانیان.

دیندار زێباری، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: لە زۆر ناوچەش دەستبەسەر زەویوزاری ئێزدییەكان و كریستیانەكاندا گیراوە و هەوڵدراوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە، بۆ نموونە له‌ تلكێف، پارچە زەوی بەسەر خەڵكانی دیكەدا دابەشدەكرێت، هه‌روه‌ها "تلكێف و حەمدانییە كراوە بە شارێكی سه‌ربازیی و دادگا و گرتووخانەی تیرۆریستى تێدایە".

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure