قوباد تاڵه‌بانى: نیوەم هى هیچ حیزبێکی تر نییە

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2019‌ :: 3590‌ جار بینراوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
قوباد تاڵه‌بانى رایده‌گه‌یه‌نێت: بەندە کەسێکی کوردستانیم و کوڕى رابەر و دامەزرێنەرى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مام جەلال تاڵەبانیم ‌و نیوەم هى هیچ حزبێکی تر نییە و موڵکى کەسیتر نیم، تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیم‌ و هەرگیز نە پارتی بووم‌ و نە دەبم. 

ده‌شڵێت: "هیچ کات لەناو یەکێتى کێشە لەسەر پۆست و پێگەى داهاتوى قوباد تاڵەبانى نەبووە و نییە".

فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌ دیمانه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پارتى ده‌یه‌وێت كێشه‌ى یه‌كێتى له‌ دانانى قوباد تاڵه‌بانى بۆ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت چاره‌سه‌ربكات، چونكه‌ قوباد تاڵه‌بانى نیوه‌ى هی یه‌كێتى و نیوه‌ى هی پارتییه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ نووسیویه‌تى: بەندە کەسێکی کوردستانیم و کوڕى رابەر و دامەزرێنەرى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مام جەلال تاڵەبانیم ‌و نیوەم هى هیچ حیزبێکی تر نییە و موڵکى کەسیتر نیم، تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیم‌ و هەرگیز نە پارتی بووم‌ و نە دەبم.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: ئەو هاوئاهەنگى و پەیوەندییە باشەشى لەگەڵ هەڤاڵانى پارتیدا هەمبوە لە چوار ساڵى رابردووى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، لەسۆنگەى پەرۆشى و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمکردنى ئارامى و برەودان بە کارى پێکەوەیی لەپێناو خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و تێپەڕاندنى گرژییەکانى رابردوو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ کەڵکى لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەکاربهێنرێت.

قوباد تاڵه‌بانى، ده‌شڵێت: "من شەرەفی ئەوەم پێبڕدرا سەرۆکى لیستى یەکێتیى نیشتمانیى بم لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هەر پۆست و پلە و پایەیەکیش وەربگرم لەقۆناغى داهاتوودا لەسەر داوا و پێشنیار و بڕیارى تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت نەک هێچ کەس‌ و لایەنێکی تر".

له‌باره‌ى بوونى كێشه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ى، قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: "هیچ کات لەناو یەکێتى کێشە لەسەر پۆست و پێگەى داهاتوى (قوباد تاڵەبانى) نەبووە و نییە، ئەگەر هەر گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەکیش لەسەر شێوازى بەشداریکردنى یەکێتى لەکابینەى نوێى حکومەتى هەرێم هەبێت، بابەتێکى ناوخۆیی حیزبییە و هیچ بوارێکى تێدا نییە بۆ ئەوەى لایەنیتر قسەى تێدا بکەن و ئەو بابەتانە لەچوارچێوەى سەرکردایەتى و بنکەى جەماوەریی یەکێتى یەکلاییدەکرێنەوە و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە وەردەگیرێت وەک چۆن لەپێشتریش هەر واکراوە".
دوای ئەو لێدوانەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، نووسینگەی رۆژنامەوانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە چاوپێكەوتنێكی فازڵ میرانی، لە بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: بە داخەوە لە چاوپێكەوتنی فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ دەنگی ئەمریكا/ بەشی كوردی، وا هاتووە كە وتراوە جەنابی نێچیرڤان بارزانی نیوەی هیی پارتییە و نیوەی هیی كوردە، بەڵام كاك قوباد تاڵەبانی نیوەی هیی یەكێتییە و نیوەی هیی پارتییە".


نوسینگه‌ی فازڵ میرانی ده‌ڵێت: "لە راستیدا مەبەستی كاك فازڵ میرانی ئەوە بووە كە هەردوو تەنیا هیی حزبەكانی خۆیان نین، بەڵكو هیی كورد و كوردستانن، بۆ ئەوەی ناحەزان بە هەڵە تەفسیری نەكەن، بە پێویستمان زانی ئەو راستكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە".


پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure