سبەی پارتی و یه‌كێتیی كۆدەبنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2019‌ :: 259‌ جار بینراوە
لۆگۆی یەکێتی و پارتی

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ 29ی کانونی دووەمی 2019 شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتیی له‌باره‌ی پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت كۆببنه‌وه ‌و به‌پێی زانیارییه‌كانیش ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا زۆر پرس له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ یه‌كلابكرێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، سبه‌ی له‌شاری هه‌ولێر له‌بارەگا‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، شاندی پارتی و یه‌كێتیی به‌سه‌رپه‌رشتی نێچیرڤان بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ كۆدەبنه‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كانیش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا مه‌سرور بارزانیش له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی پارتی ده‌بێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی شاندی باڵای هه‌ردوولا ده‌چنه‌ ناو ورده‌كاری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و پرسی ڕێككه‌وتنی سیاسی نێوانیان و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و پرسی كه‌ركوك و به‌غدا باسدەکەن.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان زانیویه‌تی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یه‌كێتیی پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر له‌باره‌ی كۆی پرسه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م شاندی پارتی و پێشبینیشده‌كرێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  زۆر پرسی گرنگ یه‌كلابكرێته‌وه‌.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی کۆببینەوە له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی پەیوەندییەکانی ھەردوولا و پرۆژەی ئامادەکراوی ھەرلایه‌ك بۆ پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێ تاوتوێ بكرێت.

وتیشی: "كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌ی ده‌بێت له‌نێوان هه‌ر سێ لایه‌ن و بڕیاریشه‌ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان بکرێت له‌باره‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ت ".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure