هۆشداری لە بەکارهێنانی جۆرێک لە دەرزی دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2019‌ :: 9922‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محەمەد مستەفا
هەریەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق و هەرێم، هۆشداری دەدەنە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە مامەڵەکردن و فرۆشتنی جۆرە دەرزیەکی دژی نەخۆشیەکانی هەوکردن.


تەها محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین بەدواڕۆژی راگەیاند: نوسراوێکی فەرمیان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە بە دەست گەیشتووە، بە پشت بەستن بە رێنماییەکی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی جۆرێک لە دەرزی دژە هەوکردن (التهاب).

وتیشی: "بەگوێرەی ئەو نوسراوە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە دەرزی جۆری (ڤیاڵی ئەمپیکلۆکس ampiclox vial) قەدەغە دەکات، کە دەرزیەکە دژی نەخۆشیەکانی هەوکردن بەکار دەهێنرێت".

باسی لەوەشکرد: بەگوێرەی ئەو نوسراوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هاتووە کە دەرزیەکە دوای بەکارهێنان کاریگەری لاوەکی مەترسیدار لەسەر تەندروستی نەخۆش دروست دەکات.

تەها محەمەد روونیشیکردەوە: داوا لەسەرجەم کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانە و نۆرینگەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین دەکەین کەوا هیچ جۆرە مامەڵەیەک بەو جۆرە دەرزیەوە نەکەن.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure