كه‌ناڵى (mbc العراق) ده‌كرێته‌وه‌ و به‌رپرسانى بۆ دواڕۆژ ئامانجه‌كه‌ى ئاشكراده‌كه‌ن

هەواڵ / عێراق :: 27/01/2019‌ :: 404‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا
بڕیاره‌ له‌ناوه‌ڕاستى مانگى شوباتى داهاتوودا، كه‌ناڵى ئاسمانى (mbc العراق) ده‌ست به‌ په‌خشى خۆى بكات كه‌ نووسینگه‌ى سه‌ره‌كى له‌ به‌غداى پایته‌خت و ئۆفیسێكى تریشى له‌ هه‌ولێر ده‌بێت.

 

له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى (mbc)دا له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌ن و كه‌سایه‌تى عێراقه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، لەبه‌رامبه‌ردا به‌رپرسانى ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌و باره‌یەوه‌ بۆ دواڕۆژ ده‌دوێن.


سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ (mbc العراق) ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌وانه‌ مافى خۆیانه‌ كه‌ناڵى (mbc العراق) ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى هه‌یانه‌.

جه‌ختیشى كرده‌وه‌: كێشه‌ى ئێمه‌ى عێراقییه‌كان، كاروباره‌كان ئاڵۆزده‌كه‌ین، ئه‌م جیهانه‌ له‌ بازاڕێك پێكدێت، میدیاش هۆكار و میكانیزمى ده‌ستخستنى داراییه‌، ته‌نها میكانیزمى كاریگه‌رى نییه‌، (mbc العراق) هیچ ره‌هه‌ندێكى سیاسى ترسناكى نییه‌، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى هه‌ندێك له‌ ره‌خنه‌گرانى بۆى ده‌چن.

سه‌باره‌ت به‌ شێواوى كاركردنى كه‌ناڵى (mbc العراق)، ئه‌و سه‌رچاوه‌ به‌رپرسه‌ى كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ى بڵاوبكرێته‌وه‌ وتى: كه‌ناڵێكى هه‌مه‌ڕه‌نگ ده‌بێت، زیاتر به‌دواداچوونى هه‌واڵى هونه‌رى و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات، هه‌ر كه‌ناڵێكیش به‌ره‌و جیهانیبوون ده‌ڕوات، چه‌ند كه‌ناڵێكى ترى بۆ چه‌ند وڵاتێكى دیکە ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌تام و بۆن و ره‌نگى ئه‌و وڵاتانه‌ خۆیانه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ گرنگیدانى دامه‌زراوه‌ی (mbc) به‌ عێراق دواى میسر، ئه‌و به‌رپرسه‌ى كه‌ناڵى (mbc العراق) روونیكرده‌وه‌: ئێستا بازاڕه‌كان له‌به‌رامبه‌ر میدیادا میسر و عێراق و سعودییه‌یه‌، به‌ڵام رۆژناواى عه‌ره‌بى بازاڕێكى لاوازه‌ بۆ میدیا، میدیاش بازاڕێكه، ئێمه‌ش رۆیشتووینه‌ته‌ ئه‌و بازاڕه‌وە.

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure