تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى راپەڕین خرانه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 27/01/2019‌ :: 2174‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
بەهۆی بارانبارینی بەلێزمە پێشبینی دروستبوونی لافاو لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەکرێت و بەرگری شارستانی ناوچه‌كه‌ش سەرجەم تیمەكانی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.


له‌مڕۆوه‌ شه‌ممه‌ 27ى كانونى دووه‌مى 2019 شه‌پۆلێكى باران ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى گرته‌وه‌ و به‌پێى پێشبینیه‌كانى كه‌شناسیش له‌مشه‌و و سبه‌ینێدا ئه‌گه‌رى بارانى به‌هێز و دروستبوونى لافاو هه‌یه‌.

حوسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: لە ئەمڕۆەوە بارانبارینی بەلێزمە سنوری ئیدارەی راپەڕینی گرتۆتەوە، به‌مه‌ش مەترسی دروستبوونی لافاو لە سنورەکە سەریهەڵداوە.

وتیشی: "بۆیه‌ سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی راپەڕین خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ رووبەڕوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە بەهۆی لافاوە دروستبێت".

حوسێن عەبدوڵا باسی لەوەشکرد: لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی لافاو هاوڵاتیانی دەڤەری راپەڕین دەتوانن بێبەرامبەر پەیوەندی بکەن بە ژمارە 157، بۆ ئەوەی تیمەکانیان بە هانایانەوە بچن.

له‌سه‌ر ئه‌و شه‌پۆلی باران و به‌فره‌ی رووده‌كاته‌ هه‌رێم له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومەله‌رزەزانی هه‌رێم هۆشداریدا و رایگه‌یاند: "سبه‌ی دووشه‌ممه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و شه‌پۆلی بارانبارینه‌ زۆرتر ده‌رده‌كه‌وێت و بارانی به‌لێزمه‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر زۆرتر ده‌بێت و له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌‌ زیاتر له‌ 50 ملیمه‌تر باران ده‌بارێت و دواتر شه‌پۆله‌كه‌ رووده‌كاته‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure