دوو ئەفسەری باڵا و ژمارەیەك پۆلیسی كەركوك دەستگیردەكرێن

هەواڵ / کوردستان :: 27/01/2019‌ :: 270‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
دوو ئەفسەری باڵا و ژمارەیەك كارمەندی پۆلیسی كەركوك بەهۆی تێوەگلانیان بەچەند تاوانێكەوە دەستگیركراون.

دوێنێ شەممە 26ی كانونی دووەم دوای ئەوەی دەستگیركراوێك لەبنكەی پۆلیسی رەحیماواوە هەڵاتووە، بەفەرمانی دادگای كەركوك عەقید نەوزاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری بنكەكە و بەڕێوەبەری نوسینگەی رەحیماوای نەهێشتنی تاوان و ئەفسەری ئێشگگر دەستبەسەركراون.

فەرماندەی پۆلیسی كەركوكیش بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.

بەپێی زانیاریەكانی دواڕۆژ هەڵاتووەكە بەناوی (شاهۆ لوقمان) تۆمەتبارە بە كوشتنی هاوڵاتیەك و هەڵكوتانەسەر ماڵان و دزین، كە ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن كەسوكاری قوربانییەكەوە دەستگیركراوە و رادەستی پۆلیسی كەركوك كراوە.

هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەپۆلیسی هاتوچۆی كەركوك، لەلایەن نوسینگەی پشكنەری گشتی پارێزگای كەركوكەوە عەقید شێرزاد ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆ و 23 ئەفسەر و كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیەكە دەستگیركراون بەتۆمەتی تۆماركردنی تابلۆی ئۆتۆمبێڵ بەشێوەی نایاسایی. 

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دواڕۆژ چەند جارێك پەیوەندیكرد بە وتەبێژی پۆلیسی كەركوكەوە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندیيەكانی نەدایەوە.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure