عێراق لەسەر رووداوەكەی شیلادزێ هۆشداری دەداتە تورکیا

هەواڵ / کوردستان :: 27/01/2019‌ :: 8503‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی رووداوەكەی دوێنێی ناحیەی شیلادزێ كە تیایدا هاوڵاتیانی ناوچەكە هێرشیان كردەسەر بنكەیەكی سەربازیی توركیا لەكۆمەڵگەی سیریە، رایدەگەیەنێت: یاداشتێكی ناڕەزایی دەدەینە باڵیۆزی توركیا لەبەغدا و داواشدەكەین ئەوە دووبارە نەكاتەوە.


وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەكدا راشیگەیاندووە: ئەو هەڵسوكەوتەی سوپای تورك و سوڕانەوەی فڕۆكەكانیان بەنزمیی بەسەر ناوچەكەدا ترسی خستووەتە دڵی هاووڵاتیانی ناوچەكەوە، بۆیه‌  لەسەر ئەو رووداوە یاداشتێكی ناڕەزایی دەدەینە باڵیۆزی توركیا لەبەغدا و داواشدەكەین توركیا ئەوە دووبارە نەكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕوو: سەروەریی و ئاسایشی عێراق دەكەوێتە سەر شانی ئێمە و لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئێمەدایە.

حكومەتی عێراق ئیدانەی ئەو رووداوە دەكات و سەرەخۆشی خۆشی بۆ شەهیدەكە و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ بریندارەكان خواستووە.

ئا: ئارام غەفور 
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure