پێڵاوکۆکردنەوە بۆ سەرۆکـی حیـزب

هەواڵ / چاوی تۆ :: 26/01/2019‌ :: 184‌ جار بینراوە

سامانـی وەستا بەکـر                                                          
ئاخۆ ئەگەر پارتێک لە پارتەکانـی ڕۆژهەڵاتـی ناوین و لە ناویشیاندا بە دیاریکـراوی لە باشووری کوردستان هەڵمەتـی کۆکردنەوەی پێڵاوی دڕاو بکات و بینێـرێ بۆ سەرۆکـی پارتێکـی تری ڕکابەر و داوای لێبکەن کە هەمووی یان بەشێکـی بخوات، چـی ڕووبات؟ 


بەڵـێ لە سوید بینیامیـن دۆوسا "سەرۆکـی یەکێتـی لاوان"ی سەر بە پارتـی "مۆدێرات"ەکانـی سوید، هەڵمەتێکـی کۆکردنەوەی پێڵاوی کۆن و دڕاوی دەستپێکـرد کە تا پاش ناردن و گەشتنـی پێڵاوەکان سەرۆکـی "سێنتەر پارتـی" بیانخوات، چونکە لە بەڵێنێکـی خۆی پاشگەزبووەتەوە! لە وەڵامـی ئەو کارەشدا یەکێتـی لاوانـی سەر بە سێنتەر پارتـی ڕایگەیاند کە ئەوان پاش گەشتـن و وەرگرتنـی پێڵاوەکان ئەوەی بە کەڵک بێت ئەینێرن بۆ ڕێکخـراوە خێـرخوازەکان تا  بیگەیەننە دەست خەڵکانـی نەدار و ئەوانەشـی کە دڕاو و بێکەڵکـن ڕیسایکڵـی ئەکەن تا جارێکـیتر سوودی لێوەرگیـرێ.


ئەوەی لێـرەدا مەبەستە، سایکۆلۆژیی تاکـی سویدیە کە لەپای ئەم کارە هیچ هەڵچوون و گرژییەکـی لێنەکەوتەوە بە جۆرێک ئەو جۆرە لە هێـرش و سووکایەتـی و ڕووشاندنـی سەرۆکـی پارتێکـی دێرین و گەورەی سوید هەڵگێـڕایەوە بۆ بابەتێک کە بە سوودی خەڵکـی نەدار و ژینگە کۆتایـی پێبێت. مەخابـن ئەم جۆرە کارە ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتـی ناویـن و هەرێمـی کوردستان ڕووبدات، خۆ ئەگەر خودی پارتەکە و سەرۆکەکەشـی هیچ نەڵێـن و کاردانەوەیان نەبـێ، بەڵام لایەنگران و هەوادارەکانیان دوور نییە ساڵانێک جەنگـی سارد بەرامبەر یەکتـر لایەنـیکەم لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکانەوە بەرپابکەن. خۆ ئەگەر ئەمە گـرژی و ڕووبەڕووبوونەوەشی لە شوێنە گشتـی و تایبەتەکانیشدا لێنەکەوێتەوە.


ڕۆژی یەک شەممە بەرواری ٩ی ئەیلولـی پار ساڵ ٢٠١٨، دواین هەڵبـژاردنـی پەرلەمانـی سوید و هەرێم و شارەوانیەکان بەڕێوەچوو. ئاشکرایە سوید یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتانـی جیهان کە بە دیموکراسـیبوون و هاوتایـی جەندەری و مافـی ئاژەڵ و منداڵ و هاوڕەگەزباز....هتد ئەناسـرێتەوە، بەجۆرێک سیستـم و موئەسەسات لەم وڵاتەدا جێگیـر بووە و دامەزراوە کە تەنانەت ئەنجامـی هەڵبـژاردنەکانیش کاریگەریی لەسەر بنچینەی دامەزراوەکان و بنەما دیموکراسیەکان دانانێت، واتە ئەنجامـی هەڵبـژاردن تەنها کاری حکومەتـی هەڵبـژێراوی پێئەبرێ بەڕێوە نەک حوکمـی موتڵەق و هەڵگێـڕانەوە و سەروبنکردنـی کایەکە.


هەر لەو چوارچێوەیەدا  لە هەڵمەتـی هەڵبژاردنەکانـی پاردا، سەرۆکـی "سێنەر پارتـی" کە خانمێکە ناوی "ئـانـی لۆۆف "ە و پارتەکەی یەکێک بوو لەو چوار پارتەی بەرەی "بۆرجواز" لە وەڵامـی ڕاگەیاندنکارێکـی ڕۆژنامەی "ئیکس پرێس"دا کە ئەگەر دوای ئەنجامـی هەڵبژاردنەکان ئامادەبێت کار لەگەڵ گەورەترین پارتـی سوید "سۆسیال دیموکرات"ەکاندا بکات؟ وتـی (پێـی باشتـرە تاکـێ پێڵاوی قاچـی ڕاستـی بخوات لەوەی ببـێ بە هاوکاری سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پێکهێنانـی حکومەت)!.


بۆ پاراستنـی وڵات لە کەوتنە دەست بەرەی بۆرجواز بە پاڵپشتـی پارتـی ڕەگەزپەرست و تێچوونـی هەڵبـژاردنێکـی نوێ، هەردوو پارتـی "سێنتەرو لیبـڕاڵ"  لە بەرەی بۆرجوازی ڕێکەوتنێکـی ٧٣ خاڵەیان لەگەڵ پارتـی سوسیال دیموکرات و ژینگەدا کرد و زۆربەی بەڵێنەکانـی هەڵبـژاردنـی خۆیان سەپاند و سەرەنجام پاش ١٣٤ ڕۆژ حکومەتـی نوێـی  لە ٢٢ی یەکـی ٢٠١٩دا ڕاگەیانرا. لە هەردوو پارتـی سۆسیال دیموکرات و پارتـی ژینگە و بە پاڵپشتـی دوو پارتـی بۆرجواز، حکومەتێکـی لە دوو پارتـی چەپ و مام ناوەند بە بەرنامەیەکـی نیمچە بۆرجواز  لەدایکبوو.


ئەنجامـی هەڵبژاردنەکانـی٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ بەجۆرێک بوو کە بەرەی سور و سەوزەکان توانیان١٤٤کورسـی و بەرەی بۆرجوازی١٤٣کورسـی و پارتـی ڕەگەزپەرستیش (سویدیە دیموکراتەکان) ٦٢بەدەستبهێنـن لەکاتێکدا بۆ پێکهێنانـی حکومەت ١٧٥ کورسـی پێویستە لەکۆی٣٤٩ کورسـی، واتە هیچ بەرەیەک ژمارەی تەواوی بەدەستنەهێنا و پێکهێنانـی حکومەت ١٣٤ی ڕۆژی ڕەبەقـی خایاند سەرەنجام بەرەی بۆرجوازی هەڵوەشایەوە.


هەردوو پارتـی سێنتەر و لیبـڕاڵ بۆ سەرخستنـی هاوتایـی نـرخـی مرۆڤەکان دوور لە ڕەنگ و ئاین و ڕەگەز بەرەکەی خۆیان جێهێشت و ڕێگەیاندا بەرەی نەیار حکومەت پێکبهێنـێ و دەنگەکانـی خۆیان خەواند چونکە دوو پارتـی بەرەکەیان "بەرەی بۆرجوازی" ئامادەیان تیادابوو سوود لە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست وەربگرن بۆ دروستکردنـی حکومەت و تێپەڕاندنـی بودجە کە ئەمەش لەگەڵ بەها دیموکراتیەکان و ئەو بەڵێنانەدا نەئەهاتەوە کە هەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بە دەنگدەرانـی خۆیان دابوو، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنـێ پاراستنـی بەها دیموکراتیەکان و پابەندبوون بە بەڵێنەکانـی هەڵبژاردنەوە لە بەرەو هاوپەیمانـی و پێکهێنانـی حکومەت و دەسەڵاتوەرگرتن گرنگتـرە ئەگەر باجەکەی پێڵاوخواردنیش بـێت.


لێرەوە بۆ ئاشنابوونـی خوێنەر پێم باشە مێژوویەکـی کورت و چڕی کاری پەرلەمانـی و لەدایکبوونـی دیموکراسـی و بوونـی ئەو خۆشگوزەرانیەی سوید و سیستمی پەرلەمانـی ئەو وڵاتە کە بە چەند قۆناغێکدا گوزەری کردووە تا ئەم کاکڵە هاوتاییەی مافـی مرۆڤ و ئاژەڵ و سـروشتـی لـێ دروست بووە، لە چەند دێڕێکدا ئاماژە پێبدەم:
یەکەمیـن کۆبوونەوەی سویدییەکان لە ساڵـی ١٤٣١دا ئەبێت لە "ئەربۆگا" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتـی بەڕێوەبردنـی وڵات کە سویدیەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەمیـن کۆبوونەوەی پەرلەمان کە سویدیەکان بە "ڕیکسداگ" ناوی ئەبەن دائەنێـن، بەڵام یەکەمیـن پەرلەمان "ڕیکسداگ"ی سوید لە شاری ڤێستەڕۆس لەسەردەمـی پاشا "گوستاڤ ڤاسا"ی دووەم لە ساڵانـی ١٥٢٧-١٥٤٤ کە کاری لەسەر بنچینەکانـی "خەڵك، قەشە، هاووڵاتـی و جوتیاران" کردووە و بۆ یەکەمیـن جار ساڵـی ١٥٤٠ دەستەواژەی پەرلەمان "ڕیکسداگ" لە وڵاتـی سوید بەکارئەهێنـرێت.


ساڵـی ١٦٠٠ بۆ یەکەمیـن جار لیژنەکانـی پەرلەمان ڕێکخران بەڵام لە کۆتاییەکانـی  ١٦٠٠دا و لەسەردەمـی دەسەڵاتـی پاشا "کارل گوستاڤ"ی یازدەیەمـیـن پەرلەمان زۆر لاواز کراو بوو بە داردەسـتـی پاشا.


لەسەدەی هەژدەدا پەرلەمان جارێکـیتـر  گرنگــیی بۆ گەڕایەوە و لەسەر چوار بنچینەکەی لای سەرەوە دەستبەکاربوەوە بۆ یەکەمیـن جار هەردوو پارتـی "شەپقە و کڵاو" پەیدابوون و ئەندامەکانیان ناردە پەرلەمان، دواتر پەرلەمان بەهۆکاری داڕمانـی ئابوری و گەندەڵـی نێوان شارەکان بـێهێـز بوو کە دواتر ساڵـی ١٧٧٢ پاشا "کارل گوستاڤ"ی سێیەم ئینقلابـێکـی بـێ خوێنڕشتنی ئەنجامدا و کۆی دەسەڵاتەکان کەوتە لای خۆی و پەرلەمان دەسەڵات و نفوژی خۆی لەدەستدا.


ساڵـی ١٨٠٩ سوید جارێکـی تر یاسا بنچینەییەکانـی بەڕێوەبردنـی وڵاتـی داڕشت و دەسەڵاتـی یاسادانان و جێبەجێکردن و قەزا جیاکـرانەوە، هەر لەو ساڵەدا سوید دامەزراوەیەکـی بەناوی "ئەمینداری دادوەری زوڵملێکراوان" دامەزراند، ئەمە بووە یەکەمیـن دامەزراوە لە جیهاندا کە پارێزگاریی لە مافـی بەشخوراوان بکات و پاشان تا ساڵـی ١٩٧٤ گۆڕانکارییەکـی ئەوتۆ بەسەر یاسا بنچینەیەکانـی ئەو وڵاتەدا نەهات کە شایانـی باسکردن بێت.


ساڵـی ١٨٦٢ ئەو کچانەی کە قەیرە بوون و شوویان نەکردبوو بەڵام خاوەنـی سەروەت و سامانێکـی زۆر بوون، ڕێگەیان پێدرا لە هەڵبـژاردنـی شارەوانیەکاندا دەنگبدەن و ساڵـی ١٩٠٧-١٩٠٩ ڕێگە بەو کچانە درا کە مافـی دەنگدانیان هەبوو خۆیان کاندید بکەن بۆ شارەوانیەکان و پاشان ساڵـی ١٩١٨ ڕێگەی دەنگدان بۆ هەموو ئافرەتان بـێ جیاوازیی دەستبەرکـرا.


٢٤ی ئایاری ساڵـی ١٩١٩مافـی دەنگدان بۆ هەردوو ڕەگەزی نێـرو مـێ وەک یەک هاوتا کرا و پاشان لە هەڵبژاردنـی ساڵـی ١٩٢١ پێنچ ئافرەت بۆ ئەندام پەرلەمان هەڵبـژێـردران و لێـرەوە پەرلەمانـی سوید بوو بە پەرلەمانێکـی دیموکـراتـی کە نوێنەرایەتـی کۆی خەڵکـی ئەکرد بـێ جیاوازی.


ساڵەکانـی ١٩٢١، ١٩٢٢، ١٩٣٧ و ١٩٤٥ یاساکانـی سەربازیینەکردن، ئەوانەی تاوانیان کردووە و زیندانـیکراون و ئەوانەی ئیفلاسـی ئابورییان کردبوو، هەڵگـیـران کە ڕێگەی لەو خەڵکانە ئەگـرت مافـی دەنگدانیان هەبـێ و تا ساڵـی ١٩٨٩ کە کۆی یاسا ڕێگـرەکان لەسەر دەنگدانـی هاووڵاتیاندا هەڵگیـرا و بەوجۆرە مافـی دەنگدان بۆ هەمووان دەستەبەرکرا.


هەڵبەتە مێـژووی ئەو وڵاتە ئەوەمان پێئەڵـێ کە بۆ گەیشتن بە دیموکراسـی ڕاستەقینە و خۆشگوزەرانـی ئەوەی پێویستە تەنها کات و کۆڵنەدانە، سەرەنجام ئەگەیتە ئەو باوەڕەی ژەمە خورادنێکـی سەرۆکـی پارتەکەت پێڵاوێک بێت سەربەرزانەترە لەوەی لە بەڵێنێکـی هەڵبژاردن پاشگەزبیتەوە یان لە بەها دیموکراسیەکان پاشەکشـێ بکەیت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure